رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران دەڵێت، لە ئەگەری هێرشی زەوینیدا هەر کەسێک ئەمریکییەک بکوژێت یان دەستگیری بکات، بە 30 هەزار دۆلار خەڵات دەکرێ. دەشڵێت، ''ئەگەر ژنان ئەم کارە بکەن، خەڵاتەکەیان دووهێندە دەبێت.''
ئەمڕۆ یەکشەممە 16-08-2026، ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران لە گوتارێکدا پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئاراستەی سوپای ئەمریکا کرد و رایگەیاند: ''ئەمریکییەکان دەبێ بزانن ئێرە ئێرانە و ئەگەر هەڵە بکەن، بە درێژایی مێژوو دەبنە وانە و پەند بۆ ئەوانی دیکە.''
بەگوتەی ئەمیر حاتەمی، داواکارییەکی زۆر لەلایەن خەڵکەوە بۆ بەشداریکردن لە ''جیهادی ماڵی'' دژی ئەمریکا هەیە؛ ''بۆیە پڕۆژەیەک ئامادە کراوە کە هەر کەسێک سەربازێکی دەستدرێژیکاری ئەمریکی بکوژێت یان بە زیندوویی رادەستی بکات، سوپای ئێران بە پاڵپشتیی بەشداربووانی جیهادی ماڵی و بە گەرەنتیی خۆی، خەڵاتێکی 30 هەزار دۆلاری پێدەبەخشێت.''
فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر ژنان ئەمریکییەک بە دیل بگرن یان بیکوژن، ئەوە خەڵاتەکەیان دوو هێندە زیاد دەکات و دەبێتە 60 هەزار دۆلار.
وەک ئەمیر حاتەمی دەڵێت، لەکاتی هێرشی زەوینیی ئەمریکادا، چەکی هەر کەسێک کە ئەمریکییەک دەکوژێت یان بە دیلی دەگرێت، بە دوو هێندەی نرخەکەی خۆی دەکڕدرێتەوە و چەکێکی نوێی پێدەدرێت.
قسەکانی ئەمیر حاتەمی لەکاتێکدان کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام هەڕەشەی هێرشی زەوینی یان بۆردوومانکردنی ژێرخانەکانی ئێران دەکات، ئەگەر تەنگەی هورمز نەکەنەوە و بە مەرجەکانیان رازی نەبن.
رۆژی 6ـی ئاب دۆناڵد ترەمپ، سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاران ئاماژەی بەوەکرد، ئێران ویستوویەتی دانوستاندن بکات و ئێستاش ئەوە دەکەن، کە پێدەچێت بەباشی بەڕێوەبچێت.
ترەمپ دەڵێت: "ئەوان تەلەفۆنیان بۆ کردم و گوتیان تکایە هێرش مەکە و با قسە بکەین، چونکە نەیاندەویست رووبەڕووی گەورەترین هێرش ببنەوە لەدوای جەنگی دووەمی جیهانەوە."
.jpg&w=3840&q=75)


