رووداو دیجیتاڵ
جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیێنێت، دۆخی تەنگەی هورمز هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ پێش جەنگ و کردنەوەی تەنگەکەش بەندە بە پابەندبوونی ئەمریکا بە بەڵێنەکانی و جێبەجێکردنی پابەندییەکانی لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنە هاوبەشەکەی ئیسلامئاباد.
یەدوڵڵا جەوانی، جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران، ئێوارەی دووشەممە بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند: "تەنگەی هورمز نیعمەتێکی خواییە بە پێگەیەکی جیۆپۆلەتیکی نایابەوە کە لە ژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە. ساڵانێکی زۆر بێبەش بووین لەوەی بە باشی سوود لەم نیعمەتە وەربگرین، بەڵام ئەم جەنگە بارودۆخێکی وای رەخساند کە ئێران رێوشوێن و حوکمڕانی خۆی بەسەر تەنگەکەدا بسەپێنێت."
جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا پێگەی جیۆپۆلەتیکی ئێران بە تەواوی لە قۆناخی پێش جەنگ جیاوازە. گوتیشی: "ئەمریکییەکان، زایۆنییەکان و هاوپەیمانەکانیان چەندین مانگە هەوڵدەدەن کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز لە دەستی ئێران دەربهێنن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و هەرگیز رێوشوێنە سەپێنراوەکانی سەر تەنگەکە ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ."
سەبارەت بە مەرجەکانی کۆتاییهاتنی ئاڵۆزییەکان و چارەنووسی تەنگەکە، یەدوڵڵا جەوانی جەختی کردەوە کە جەنگ دەبێت لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتننامەکە کۆتایی پێبێت؛ روونیشیکردەوە: "تەنگەی هورمز تەنیا کاتێک دەکرێتەوە کە ئەمریکییەکان بەپێی لێکتێگەیشتنەکە پابەندی بەڵێنەکانی خۆیان بن و پابەندییەکانیان جێبەجێ بکەن."
ئەو بەرپرسە باڵایەی سوپای پاسداران ئاماژەی بە دانوستاندنەکانی ئێران و عومان لەبارەی تەنگەی هورمز و کردنەوەی رێڕەوێکی ناوەندی لە تەنگەکە بۆ هاتووچۆی کەشتییەکان کرد و رایگەیاند: "ئەوەی ئێستا وەک رێڕەوێکی ناوەندی لە نێوان ئێران و عومان دەخرێتەڕوو، بۆ قۆناخی دوای کۆتاییهاتن و یەکلابوونەوەی تەواوەتی جەنگەکەیە."
ئەم لێدوانەی جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتوونەتە لووتکە. دوای ئەوەی لێکتێگەیشتنی مانگی حوزەیرانی رابردوو بە تەواوی شکستی هێنا، تاران رایگەیاند ئەگەر ئەمریکا گەمارۆی دەریایی سەر وڵاتەکەی لانەبات، رێوشوێنی سەربازی تووندتر دەگرێتەبەر.
تەنگەی هورمز، کە گرنگترین رێڕەوی وزەی جیهانە، ئێستا لە لایەن ئێرانەوە داخراوە و وەک کارتێکی گوشاری سەرەکی لەلایەن تارانەوە بەکاردێت بۆ ئەوەی واشنتن ناچار بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بکات.



