رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، تاوەکو گەمارۆی سەر بەندەرەکان هەڵنەگیرێن، پارە بلۆککراوەکان ئازاد نەکرێن، گەمارۆی نەوت کۆتایی نەیەت و هەڕەشەکان و ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە هەموو بەرەکان رانەگیرێن، تەنگەی هورمز ناکرێتەوە.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەی پەرلەمان کە بە ئۆنلاین بەڕێوەچوو ئەو قسانەی کردووە و گوتووشیەتی، هێزە چەکدارەکانی ئێران بە "داڕشتنی ئۆپەراسیۆنی زیرەکانە" و لەژێر بەڕێوەبەریی موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران "لە دەمی دووژمنی داوە، کە هەموو دونیا دانیان بە سەرکەوتنی ئێمەدا نا."
بە گوتەی قالیباف، دەرفەتی دروستبوو بەپێی لێکتێگەیشتننامەکە و ئاگربەست، هاوکاریی خۆڕاگریی ئابووری و نۆژەنکردنەوەی توانای بەرگریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی داوە. دەشڵێت، وڵاتەکەی "ئامادەی وەڵامدانەوەی هەر هەنگاو و دەستدرێژییەکی دووژمنە و شکستێکی قورستر لە رابردوویان بەسەردا دەهێنێت."
بە گوتەی قالیباف، "دووژمن پلانی بۆ کەڵک وەرگرتن لە بڕیارەکانی حکومەت لە بواری بەنزین داڕشتووە و زیادکردنی نرخی بەنزین لەلایەن حکومەتەوە بڕیارێکی حیساب بۆ نەکراوە."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە رەخنەگرتن لە رۆڵی رێکخراوی رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی وڵاتەکەی دەڵێت، رۆڵی ئەو رێکخراوە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە گرنگە، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرکەوتنی پێویستی بەدەست نەهێناوە.
.jpg&w=3840&q=75)



