رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گەورەترین دژبەر و کۆسپ لەبەردەم جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئیسرائیلە و تائێستاش هەوڵ دەدات لێکتێگەیشتنەکە شکست پێبهێنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 18ی ئابی 2026 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە 39یەمین کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرانی پەروەردەی وڵاتەکەی لە تاران، باسی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران کرد و رایگەیاند، "ئەم جەنگە، جەنگێکی لەبیرنەکراو بوو لە مێژوودا. گەلی ئێران لە بەرامبەر گەورەترین سوپای جیهاندا، لەپاڵ سوپایەکی دیکەدا کە ئەویش بانگەشەی هێزی دەکرد، بە هاوڕێیەتی و پشتیوانیی نزیکەی هەموو وڵاتانی رۆژئاوا و هەندێک وڵاتی دیکەی ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکە، 40 رۆژ بەرخۆدان و خۆڕاگریی کرد."
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوە کرد، "ئەوان ئێرانیان کوتا، بەڵام نەیانتوانی بگەنە هیچکام لە ئامانجەکانیان."
بە گوتەی عێراقچی، ئێران لە گۆڕەپانی جەنگ و لە گۆڕەپانی دیپلۆماسیشدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، "بە هێزەوە شەڕمان کرد و بە هێزیشەوە دانوستاندنمان کرد. دیسان ئەم دەربڕینە لەم کۆڕەدا دەخەمەڕوو، کە زۆر لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتان بە منیان گوت، ئێوە جەنگ و دیپلۆماسیتان بردەوە."
وەزیری دەرەوەی ئێران روونیکردەوە، دیپلۆماسی و مەیدانی جەنگ (هێزە سەربازییەکان) لە هاوئاهەنگیی تەواودان؛ دیپلۆماسی بە پشتبەستن بە هێزی بەرگری و سەربازیی وڵات، دەستکەوتەکانی مەیدانی جەنگ لەپێناو پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی گەلی ئێران دا جێگیر دەکات.
بە ئاماژەدان بە رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا و واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو وڵاتدا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان، عێراقچی رایگەیاند، ئیسرائیل گەورەترین دژبەر و کۆسپە لەبەردەم جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکەدا.
وەزیرەکەی ئێران باوەڕی وایە "گەورەترین دژبەر و کۆسپ لەبەردەم جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتندا، رژێمی زایۆنییە. ئەوان هەموو هەوڵێکی خۆیان دا بۆ ئەوەی لێکتێگەیشتنی وا نەیەتە ئاراوە، هەموو هەوڵێکی خۆیان دا کە ئەم لێکتێگەیشتنە شکست بهێنێت و هەموو هەوڵێکی خۆیان دا نەخرێتە واری جێبەجێکردنەوە، تاوەکو ئێستاش بەردەوامن لەم هەوڵەیان."
هەروەها عێراقچی ئاماژەی بە کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دا کرد و گوتی، "هیچ کاتێک ئەم خوێنە فەرامۆش ناکەین، نابوورین و بەدواداچوونی بۆ دەکەین."

.jpg&w=3840&q=75)

