رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە بەغدایە و دەڵێ، بەراورد بە رابردوو ''بەرەی موقاوەمە'' لە عێراق و ناوچەکە بەهێزتر بووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئێران لە جەنگدا لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل سەرکەوتوو بووە.
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 19-08-2026، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە دەستپێکی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، سەردانی شوێنی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کرد.
محەممەدباقر قالیباف لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا و شوێنی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس رایگەیاند: ''ئەم شوێنە هێمایەکی گرنگە لە مێژووی ناوچەکە و دەرخەری هاوبەشییەکانی گەلانی عێراق و ئێرانە.''
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران باسی لە ''بەهێزی''ـی بەرەی موقاوەمە کرد لە عێراق و ناوچەکە و گوتی: ''کوژرانی قاسم سولەیمانی رێگر نەبوو لە بەهێزتربوونی بەرەی موقاوەمە. ئێستاش پێویستە چاوێک لە دۆخی ناوچەکە بکرێ، دەزانن کێ [لە جەنگدا] سەرکەوتوو بووە.''
لە بەشێکی قسەکانیدا، قالیباف ئاماژەی بە ئامانجی سەردانەکەی بۆ بەغدا کرد و رایگەیاند، سەردانەکە هاوتەریبە لەگەڵ پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوان هەموو وڵاتانی ناوچەکە ''بەبێ دەستوەردان''ـی وڵاتە دەرەکییەکان.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، لە سەردانەکەیدا لەگەڵ پەرلەمانتاران، بەرپرسانی حکومەتی عێراق و کەسایەتییە سیاسی، کولتووری و ئابوورییەکان کۆدەبێتەوە.
سەردانەکەی قالیباف لەکاتێکدایە، ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێ و رۆژی دووشەممە 17ـی ئابی 2026، ماوە 60 رۆژییەکەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد کە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان واژۆ کرابوو، کۆتاییهات.



.jpg&w=3840&q=75)