رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی باڵای فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران دەڵێت، دوو ئامانجی سەرەکیی ئەمریکا لە جەنگ لەگەڵ وڵاتەکەی، رووخاندنی حکومەتی ئێران و دابەشکردنی خاکەکەی بووە، بەڵام ''شکست''ـیان هێناوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دوای ''شکست''ـەکە، ئەمریکا هیچ ستراتیژییەکی لە جەنگدا نەماوە.
محەممەدڕەزا نەقدی، راوێژکاری باڵای فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران، لە لێدوانێکی نوێدا هێرشی تووندی کردە سەر سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و کەسایەتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکە و رایگەیاند، سەرجەم ئامانجە ستراتیژییەکانی واشنتن بەرامبەر تاران شکستیان هێناوە.
بەگوتەی محەممەدڕەزا نەقدی، قسەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە جەنگ لەگەڵ ئێران هیچ بایەخێکیان نییە.
"قسەی شۆفێرەکەی متمانەپێکراوترە لە قسەکانی ترەمپ"
لە بەشێکی قسەکانیدا، راوێژکاری باڵای فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، رەخنەی تووند لە ئاستی بیرکردنەوە و بڕیارەکانی سەرۆکی ئەمریکا دەگرێت و بە ''کورتبین" وەسفی دەکات.
نەقدی ئاماژەی بەوە کرد: ''رێبەرێکی جیهانی تێڕوانینێکی دوورمەودای دەبێت، بەڵام ئەم تایبەتمەندییە لە سەرۆکی ئێستای ئەمریکادا نابینرێت. کاتێک قسەیەک دەکات، تەنانەت بیر لە 24 کاژێری دواتریش ناکاتەوە.''
ئەو فەرماندە باڵایەی سوپای پاسداران پێیوایە، ''بێسەروبەری'' لە لێدوانەکانی کۆشکی سپیدا وایکردووە، تاران هیچ بایەخێک بۆ ئەو هەڕەشانە دانەنێت کە ترەمپ لە ئێرانی دەکات.
نەقدی گوتیشی، ''قسەکانی [سەرۆکی ئەمریکا] هیچ بنەمایەکیان نییە و هێزی ئەمریکایان تێکشکاندووە. من بایەخی زیاتر بە قسەی شۆفێرەکەی دەدەم تاوەکو خۆی. چونکە ئەو لانیکەم هەر کاژێرێک بڵێت، ئەو کاژێرە دەگات، بەڵام ترەمپ هەر قسەیەک بکات، بەیانی پێچەوانەکەی روودەدات.''
''ئەمریکا هیچ ستراتیژییەکی بەرامبەر ئێران نەماوە''
محەممەدڕەزا نەقدی باس لەوە دەکات کە ئەمریکا بە ئامانجێکی دیاریکراوەوە دەستی بە هێرشکردنە سەر ئێران کردووە و دەڵێت، دوو ئامانجی سەرەکییان ''رووخاندنی حکومەت و دابەشکردن''ـی خاکی ئێران بووە، بەڵام هەردوو ئامانجەکان شکستیان هێناوە.
راوێژکاری باڵای فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کرد، دوای شکستهێنانی ئەو دوو ئامانجە، ئەمریکا بەرامبەر ئێران هیچ پلان و ستراتیژییەکی نەماوە و چووەتە نێو جەنگێكی ''بێ پلان''ـەوە.
محەممەدڕەزا نەقدی تیشک دەخاتە سەر هەوڵەکانی ئەمریکا دژی ئێران و دەڵێت، جیا لە رووخاندنی حکومەت و دابەشکردنی ئێران، واشنتن 10 ئامانجی دیکەیشی لە جەنگی دژی وڵاتەکەی هەبووە کە سەرجەمیان شکستیان هێناوە. لەوانە دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی خارک، کردنەوەی تەنگەی هورمز و لەنێوبردنی ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران.
''تەنگەی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدا دەمێنێتەوە''
تەنگەی هورمز کە ئێستا بووەتە چەقی ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، پێش هەڵگیرسانی جەنگی 40 رۆژە لە 28ـی شوباتی 2026، رێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتیی کراوە بوو، بەڵام ئێستا تاران دەڵێ، تاوەکو واشنتن داواکارییەکانی جێبەجێ نەکات، تەنگەکە ناکاتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا راوێژکاری باڵای فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران باس لە پێگەی جیۆپۆلیتیکی تەنگەی هورمز دەکات و دەڵێت، هەوڵەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ دۆزینەوەی رێگەی جێگرەوە بۆ گواستنەوەی وزە، شکستیان هێناوە.
نەقدی پێیوایە بەهۆی ئەوەی تەنگەی هورمز سەرچاوەی بەرهەمهێنانی وزەیە، وەک کارتی گوشاری ئێران دژی ئەمریکا دەمێنێتەوە، ''هەر رووداوێک تێیدا رووبدات، لە هەر شوێنێکەوە بیانەوێت [نەوت و گازەکە] بگوێزنەوە، خۆ سنوورەکە وەک بەرهەمهێنەری وزە هەر لەژێر کۆنترڵی ئێمەدا دەمێنێتەوە.''
''دیپلۆماسی و جەنگ دوو کەرەستەی بەهێزکردنی بەرگرین''
ئەو فەرماندە باڵایەی سوپای پاسداران باسی گرنگیی پاراستنی هێزی بەرگریی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "دەبێ لە رێگەی بەرگریی بەهێزەوە رێگری [لە هێرشەکان] بکەین. ئەوە بۆ ئێمە باش نییە هەر کەسێک بڕیار بدات هێرش بکاتە سەر ئێران، دواتر وازبهێنێت، خۆی رێکبخاتەوە و شەش مانگی دیکە دووبارە بگەڕێتەوە. پێویستە ئاسایشمان پارێزراو بێت''.
محەممەدڕەزا نەقدی دیپلۆماسی و جەنگ بە دوو ''کەرەستە'' دەزانێت بۆ بەرگری لە وڵاتەکەی و پێیوایە، ئامانجی هەردووکیان ''دەستەبەرکردنی هێزی رێگریکردن''ـە لە هێرشکردنە سەر ئێران.
قسەکانی ئەو فەرماندە باڵایەی سوپای پاسداران لەکاتێکدان، ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێ و رۆژی دووشەممە 17ـی ئابی 2026، ماوە 60 رۆژییەکەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد کە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان واژۆ کرابوو، کۆتاییهات.
دوێنێ سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ لە پلاتفۆرمی (ترووس سۆشیاڵ) نەخشەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا تەنگەی هورمزی وەک "ناوچەیەکی نوێی ئەمریکا" ناوبردووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی سەبارەت بە سەپاندنی سەروەریی ئەمریکا بەسەر ئەو تەنگە ستراتیژییەدا.



