رووداو دیجیتاڵ
ئێران نیگەرانە لەوەی وڵاتانی کەنداو لە رێگەی بۆرییەوە سووتەمەنی هەناردە بکەن. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە هۆشداری دەدات و دەڵێت: ''راکێشانی بۆریی نەوت بۆ لاوازکردنی تەنگەی هورمز بە واتای راگەیاندنی جەنگە لەگەڵ ئێران.''
ئەمڕۆ هەینی 21-08-2026، حەمیدڕەزا بابایی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وڵاتانی کەنداوی بەوە تۆمەتبار کرد کە هاوکاریی ئەمریکا دەکەن بۆ ''بێکاریگەرکردن''ـی داخرانی تەنگەی هورمز.
بەگوتەی حەمیدڕەزا بابایی، وڵاتانی کەنداو هەوڵدەدەن لە رێگەی بۆرییەوە رێڕەوی گواستنەوەی سووتەمەنی بگۆڕن، بۆ ئەوەی پێویست بە هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان بە تەنگەی هورمزدا نەکات.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشدارییەکی تووند دەداتە وڵاتانی عەرەبی و دەڵێت: ''هەر کەسێک هێڵی بۆری رابکێشێت تاوەکو تەنگەی هورمز لاواز بکات، بە واتای راگەیاندنی جەنگە و وەک ئەوە وایە کە مووشەکمان پێوە بنێت.''
حەمیدڕەزا بابایی گوتیشی، ''هیچ گومانێک نییە کە ئەگەر وڵاتانی کەنداو لە بواری تەکنەلۆژیا و زانیارییەوە هاوکاریی ئەمریکا بکەن، بە واتای ئەوە دێت جەنگمان لەگەڵ رادەگەیێنن.''
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەشڵێت، لە وەڵامی ''هاوکاریکردن''ـی ئەمریکا، نابێ تاران رێگە بە راکێشانی هێڵی بۆری بۆ گواستنەوەی سووتەمەنی بە وڵاتانی کەنداو بدات.
وڵاتانی کەنداو دەستیان کردووە بە دۆزینەوەی جێگرەوەی تەنگەی هورمز، لەوانە راکێشانی هێڵی بۆریی نەوتی تازە.
لە سەرەتای جەنگی 40 رۆژەوە کە 28ـی شوباتی 2026 دەستیپێکرد، تەنگەی هورمز بووەتە چەقی ململانێکان. هێزە چەکدارەکانی ئێران بەبێ هاوئاهەنگی لەگەڵ تاران، رێگە بە تێپەڕینی هیچ کەشتییەکی بازرگانی نادەن.
لە بەرامبەردا ئەمریکاش گەمارۆیەکی قورسی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئەو وڵاتە، کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەناردەکردنی نەوتی بۆ تاران ئەستەم کردووە.



