رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران جارێکی دیکە پرسی پاڵپشتیی دارایی بەنزینی وروژاند و دەڵێت، حکومەت ناتوانێت بەو نرخە گرانە بەنزین بکڕێت و بە هەرزان بیفرۆشێت. هاوکات بەرگری لە رێککەوتنی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت: "هیچ خاڵێکی خۆبەدەستەوەدانی تێدا نییە."
رۆژی هەینی، مەسعود پزیشکیان لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی پزیشکانی ئێران گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی هەستیاری ئابووری و سیاسی.
پزیشکیان باسی لە پرسی نرخی سووتەمەنی کرد و گوتی: "کێ گوتوویەتی حکومەت دەبێت لیترێک بەنزین بە 130 هەزار تمەن بکڕێت و دواتر بە 1500 تمەن بیفرۆشێتەوە؟"
سەرۆککۆماری ئێران هۆشداری دا کە ئەم جیاوازییە گەورەیەی نرخ کاریگەریی خراپی لەسەر سێکتەرەکانی دیکە هەبووە و گوتی: "ئەمە وایکردووە لە دابینکردنی بودجە بۆ پارەی گەنمی جووتیاران، بیمە، بژێوی خانەنشینان و فەرمانبەران تووشی سنوورداری و کێشە ببین."
بە گوێرەی وەزارەتی نەوتی ئێران، توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی ئەو وڵاتە 120 ملیۆن لیتر بەنزینە، لەکاتێکدا پێویستیی نێوخۆیی وڵاتەکە دەگاتە 135 ملیۆن لیتر و بەوەش رۆژانە 15 ملیۆن لیتر کورتهێنان هەیە. پێشبینی دەکرێ تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، کورتهێنانەکە بۆ 23 ملیۆن لیتر بەرزببێتەوە.
سەبارەت یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا، پزیشکیان وەڵامی رەخنەگرانی دایەوە و رایگەیاند: "تەنانەت یەک بڕگەش لەم رێککەوتنەدا نادۆزنەوە کە نیشانەی لاوازی یان تەسلیمبوون بێت؛ بەڵکو تەواوی پابەندییەکان لەسەر لایەنی بەرامبەرە."
پزیشکیان هێرشی کردە سەر ئەو کەسانەی لە دەرەوەی بڕیاری سیاسی وەستاون و رەخنە دەگرن و گوتی: "هەندێک کەس لە دەرەوەی بازنەکە دانیشتوون و نازانن حکومەت و پەرلەمان و فەرماندەکان لە چ بارودۆخێکی سەختدان، بێباکانە لێدوان و شیکاری دەدەن و دەم لە گرانی دەقورتێنن، بێ ئەوەی خۆیان هیچ ئازار و سەختییەکیان چەشتبێت."
سەرۆککۆماری ئێران کە خۆی پزیشکە، رووی دەمی کردە هاوپیشەکانی و گوتی: "من خۆم لە هیچ کام لە ئێوە بە باڵاتر نازانم، دەزانم زۆر لە ئێوە لە من بەتواناترن، بەڵام ئەمڕۆ بارێکی قورس لەسەر شانمانە."گوتیشی: "باسکردنی دەرد، دەرمان نییە؛ دەبێت چارەسەری بکەین. ئەگەر گلەییەک لە کۆمەڵگەدا هەبێت، واتای ئەوەیە ئێمە وەک پێویست کارمان نەکردووە."



