رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێران دەڵێ، سەرەڕای بەردەوامیی داخرانی تەنگەی هورمز، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە رێگە بە تێپەڕینی ژمارەیەک کەشتیی نەوتهەڵگری عێراقیان بە رێڕەوە ئاوییەکەدا داوە.
ئەمڕۆ شەممە 22-08-2026، میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە، لەسەر داوای بەرپرسانی عێراق رێگە بە تێپەڕینی ژمارەیەک کەشتیی وڵاتەکە بەو رێڕەوە ئاوییەدا دراوە.
بەگوێرەی میدیاکە، لەکاتی گەشتەکەی محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ بەغدا کە 19ـی ئاب دەستیپێکرد و چەند رۆژی خایاند، یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی بەرپرسانی عێراقی، رێگەدان بە تێپەڕینی کەشتییەکانیان بووە بە تەنگەی هورمزدا.
میدیای ئێران بەبێ ئاماژەدان بە کاتی دەستپێکردنی رێگەپێدانەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، رەزامەندیی تێپەڕینی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی عێراقی لە تارانەوە بە هێزە چەکدارەکانی ئێران دراوە. بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر کات و ژمارەی ئەو کەشتییە عێراقییانە بڵاونەکراوەتەوە کە بە رێڕەوە ئاوییەکەدا تێپەڕیون یان بڕیارە تێبپەڕن.
رێگەدان بە تێپەڕینی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی عێراق لەکاتێکدایە، تاران بانگەشەی بەردەوامیی داخرانی تەنگەی هورمز دەکات.
هاوکات ئەمریکاش گەمارۆیەکی قورسی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە. فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی وڵاتەکە (سێنتکۆم) دەڵێ، تاوەکو دوێنێ هەینی 21ـی ئاب، هێزەکانیان رێڕەوی 68 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە، سێ کەشتییان بە تەواوی پەکخستووە و چوونەتە سەر دوو کەشتیی دیکەش بە مەبەستی پشکنین و دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونیان بە رێکارەکانی گەمارۆکە.
.webp&w=3840&q=75)


