رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی ئێران لە وەڵامی قسەکانی سەرۆککۆماری وڵاتەکە کە بە پێویست دەزانێت "بە زووترین کات" کۆتایی بە جەنگ لەگەڵ ئەمریکا بهێندرێت، دەڵێت، مەبەستی پزیشکیان لە کۆتاییهێنان بە جەنگ، راگەیاندنی "خۆبەدەستەوەدان"ـە.
ئەمڕۆ شەممە، 22ـی ئابی 2026، مەحموود نەبەویان، پەرلەمانتاری ئێران لە کاردانەوەی قسەکانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری وڵاتەکە سەبارەت بە پێویستیی کۆتاییهێنان بە جەنگ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "بەداخەوە هەندێک لێکدانەوەی هەڵەیان هەیە و بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی خۆیان تۆمەتی شەڕانگێزبوون لە خەڵک دەدەن."
مەحموود نەبەویان لە بەشێکی پەیامەکەیدا ئاماژەی بە جەنگی نێوان ئەمریکا و وڵاتەکەی کرد و گوتی: "ئێمە دەستمان پێنەکرد و لەکاتێکدا کە لە دانوستاندندا بووین، بەسەرماندا سەپێندرا. ئێستاش سەرقاڵی بەرگرین."
ئەو پەرلەمانتارە بەبێ ئاماژەدان بە ناوی مەسعوود پزیشکیان دەشڵێت: "مەبەستی ئەو کەسانەی لەم دۆخەدا باس لە ئاگربەست دەکەن، خۆبەدەستەوەدانە."
نەبەویان لە پۆستێکی دیکەیدا رێک ئاماژەی بە ناوی پزیشکیان کردووە و نووسیویەتی: "بەڕێز سەرۆککۆمار، دەبێت لەبەر ترەمپ (سەرۆکی ئەمریکا) و نەتەنیاهوو (سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل) بپاڕێینەوە کۆتایی بە جەنگ بهێنن و هێرشمان نەکەنە سەر؟"
ئەو پەرلەمانتارەی ئێران پێیوایە، قسەکەی مەسعوود پزیشکیان هۆکارە بۆ ئەوەی، ئیسرائیل و ئەمریکا "بوێرانەتر" هێرش بکەنە سەر وڵاتەکەی.
قسەکانی نەبەویان لەکاتێکدان، دوێنێ هەینی سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، دەبێت لە قۆناخێکدا هەر کۆتایی بە جەنگ بهێندرێت، "ئێستا تەواوی جیهان دان بە سەرکەوتنی ئێراندا دەنێت، بۆیە باشترە هەر ئەمڕۆ کۆتایی بە جەنگەکە بهێنین."
پزیشکیان گوتیشی: "ئەم داواکارییە بەواتای خۆبەدەستەوەدان نییە. ئێمە بەهیچ شێوەیەک لەبەرامبەر زۆرداریدا سەردانانەوێنین."



.webp&w=3840&q=75)