رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی میدیای پەرلەمانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی هێرش دەکاتە سەر سەرۆکی ئەمریکا و تۆمەتباری دەکات بەوەی لە رێگەی "شێواندنی قسەکانی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و دروستکردنی هەواڵی ساختە هەوڵدەدات شکستە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا پەردەپۆش بکات."
ئەمڕۆ دووشەممە، 24ی ئابی 2026، ناوەندی میدیای پەرلەمانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "سەرۆکی ئەمریکا کە ئاماری لێدوانە نادروستەکانی گەیشتووەتە 32 هەزار، ئەم جارەش بە دروستکردنی هەواڵی ناڕاست و یارییەکی میدیایی بەدوای شاردنەوەی شکستە سەربازییەکانی و گەڕاندنەوەی پێگەی خۆیدایە لەنێو رای گشتیی ئەمریکا و جیهاندا."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ترەمپ لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە ئەنقەست ناوەڕۆکی قسەکانی محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانی بە پێچەوانەوە بڵاوکردووەتەوە تاوەکو "لەو قەیرانە دەرباز بێت کە خۆی دروستی کردووە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، تۆماری ڤیدیۆیی تەواوی گوتارەکەی قالیباف لەبەردەستی رای گشتی دایە و "جیاوازیی ئاشکرای نێوان دەقی قسە راستەقینەکان و مانشێتە ساختەکان" دەریدەخات کە ئەمە هەڵمەتێکی چەواشەکارانەیە.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەی پەرلەمانی ئێراندا هاتووە: "پێویستە ترەمپ تێبگات بە تویتکردنی هەواڵی ساختە، راستییە سەختەکانی ناوچەکە و ئەو سەقامگیرییە نوێیەی بەهۆی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە لە حاڵی دروستبووندایە، ناگۆڕدرێت."
ئەم هەڵوێستەی ناوەندی میدیای پەرلەمانی ئێران لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، پۆستێکی لە تروس سۆشیاڵ بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی کە محەممەدباقر قالیباف، لە لێدوانێکدا گوتوویەتی: "ئێمە برسین و ناتوانین بەردەام بین".
قالیباف لە سەردانەکەی ئەم دواییەیدا بۆ عێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە بازرگان و چالاکڤانانی ئابووریی عێراقی و ئێرانی لە بەغدا گوتبووی: "هەرچەندە هێزی سەربازیمان زۆر بێت، ئەگەر خەڵکەکەمان برسی بن، گەشەی ئابووری و بەرهەمی نیشتیمانیمان نەبێ، ناتوانین بەردەوام بین".


