رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هورمزگانی ئێران دەڵێ، لە هێرشەکانی ئەمڕۆی ئەمریکادا ناوچەیەکی نیشتەجێبوون و سڤیلنشین لە شارۆچکەی کوهستەک کراوەتە ئامانج.
بەپێی راگەیێندراوی پارێزگای هورمزگان ئەمڕۆ سێشەممە 1-09-2026، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا ناوچەیەکی سڤیلنشینیان بۆردوومان کردووە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دووژمنی ئەمریکی لە هێرشێکی دڕندانەدا بۆسەر خاکی وڵاتەکەمان، ناوچەی نیشتەجێبوونی کوهێستەکی کردە ئامانج."
شاری بەندەریی کوهێستەک دەکەوێتە سەر کەناراوەکانی هورمز لە سنووری شاری سیریک لە پارێزگای هورمزگان لە باشووری ئێران.
ئەحمەد نەفیسی، جێگری پارێزگاری هورمزگان بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی رایگەیاند، لە هێرشی ئەمریکا بۆسەر ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە سیریک، چوار کەس کوژران و 50 کەسیش بریندار بوون. دەشڵێت منداڵێکی تەمەن چوارساڵان لەنێو کوژراوەکاندایە.
هەروەها میدیای ئێران دەڵێت، لە هێرشەکانی ئەمشەوی ئەمریکادا کارگەیەکی ئالیکی ماسی لە دوورگەی قشم و بورجێکی بەڕێوەبەرایەتیی بەندەرەکان لە سیریک کراونەتە ئامانج.
ئەمڕۆ ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا(سێنتکۆم) رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیدا هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی سوپای پاسداران لە باشووری ئێران. لەبەرامبەردا ئێرانیش هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە ئەمریکا دەکات و دەڵێت، گورزێکی کەمەرشکێن لە ئەمریکا دەدات.



