رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای ئێران دەڵێ، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکادا چەندین خاڵی تۆڕی کارەبا لە پارێزگای هورمزگان کراوەتە ئامانج و کارەبای چەند ناوچەیەکی دوورگەی قیشم و سیریک بڕاوە.
محەممەد ئەڵڵاداد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای ئێران رایگەیاند: "لە چەند کاژێری رابردوودا تۆڕی دابەشکردنی کارەبا لە چەندین ناوچەی پارێزگای هورمزگان کرایە ئامانجی هێرشەکان و زیانی بەرکەوت."
محەممەد ئەڵڵاداد گوتیشی: "تیمەکانمان بە تەواوی توانایانەوە سەرقاڵی کارکردنن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و گەڕاندنەوەی کارەبا لە کاژێرەکانی داهاتوودا."
هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران رۆژی سێشەممە دەستیان پێکردەوە و ئەمریکا دەڵێت، ئەمەش وەک وەڵامێک بووە بۆ هەوڵە نوێیەکانی تاران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.



