رووداو دیجیتاڵ
ئەرتەشی ئێران رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکانی واشنتن بۆ سەر ناوچەکانی باشووری وڵاتەکەی، بە ژمارەیەکی زۆر لە درۆن هێرشی کردووەتە سەر بنکەی سەربازیی (شێخ عیسا) لە بەحرێن و دامەزراوە رادارییەکانی ئەو بنکەیەی کردووەتە ئامانج.
پەیوەندییە گشتییەکانی ئەرتەشی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە، 02-09-2026، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە 29یەمین قۆناخی ئۆپەراسیۆنی "هەورەبرووسکە"ـدا، یەکە درۆنییەکانی ئەرتەشی ئێران بە چڕی هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوە رادارییەکان و ناوەندەکانی کۆبوونەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی شێخ عیسا لە بەحرێن.
لە راگەیێندراوەکەدا بە ئاماژەدان بە گرنگیی ئەو بنکەیە هاتووە، "بنکەی شێخ عیسا لە بەحرێن یەکێکە لە گرنگترین و هەستیارترین بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو کە ناوەندێکی سەرەکییە بۆ چاککردنەوە و راگرتنی هێلیکۆپتەر و کەرەستەی درۆنەکان، هەروەها شوێنی جێگیربوونی فڕۆکەکانی چاودێری و هەواڵگریی ئەمریکایە."
ئەرتەشی ئێران لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هۆشداری دەدات و دەڵێ، وەڵامی تووند و بەرفراوانیان بۆ هێرشەکان دەبێت و "تۆڵەیەکی سەخت و پەشیمانکەرەوە" لە ئەمریکا دەسێنن.
ئەمریکا شەوی رابردوو رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیدا هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی سوپای پاسداران. هەر لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر چەند ناوچەیەک لە باشووری ئێران، ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە سیریک کرایە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا.



