رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرایەتیی ئێران لە نەمسا رەخنە لە هەوڵی ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەورووپی تایبەت بە پێشکێشکردنی بڕیارنامەیەکی نوێ لە دەستەی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەگرێ و بە "نیشانەی شکستی تەواوەتی گەڕاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان ناوی دەبات.
ئەمڕۆ هەینی، 04-09-2026، نوێنەرایەتیی ئێران لە ڤییەننا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "ئەمریکا و سێ وڵاتە ئەورووپییەکە (بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا) جارێکی دیکە بەنیازن بڕیارنامەیەک دژی ئێران لە دەستەی پارێزگارانی ئاژانس پێشکێش بکەن، ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران رەوانەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بکەن."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە: "دیارە ئەو وڵاتانە خۆیشیان باوەڕیان بە گەڕاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان و دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بۆ ئەجێندای ئەنجوومەنی ئاسایش نییە، کە پێشتر کردیان."
نوێنەرایەتیی ئێران لە نەمسا باس لەوە دەکات کە "ئەم هەنگاوە نیشانەی شکستی تەواوی گەڕاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکانە و ئەم هەوڵە نوێیەش هیچ سوودێکی بۆ ئەوان نابێت."
ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە هەوڵدان لە رۆژانی داهاتوودا بڕیارنامەیەک لە دەستەی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پەسند بکەن، تاوەکو دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران رەوانەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێتەوە.



