رووداو دیجیتاڵ
دوای تێپەڕبوونی چوار رۆژ بەسەر رووداوە دڵتەزێنەکەی سەر رێگەی سنە - هەمەدان، بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی پارێزگای سنە وردەکاریی نوێی رووداوەکە ئاشکرا دەکات و هۆکاری سەرەکیی کارەساتەکە بۆ خێرایی زۆری تانکەری سووتەمەنی دەگەڕێنێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، حەمیدڕەزا عەبدولمەلەکی، بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی پارێزگای سنە رایگەیاند: "هۆکاری رووداوەکە خێرایی زۆری تانکەر بووە کە بەنزینی لە هەمەدانەوە بۆ مەریوان دەگواستەوە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی سنە، تانکەرەکە پاش ئەوەی کۆنترۆڵ لەدەست دەدات، خۆی بە چەند ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا دەکێشێت و بەهۆی ئەوەی باری ئۆتۆمبێلەکە بەنزین بووە، ئاگرێکی گەورە لە شوێنی رووداوەکە کەوتووەتەوە و زیانی گیانی و مادیی زۆری لێکەوتووەتەوە.
ئێوارەی شەممە، 5ـی ئەیلوولی 2026، نزیکەی کاژێر 17:00، رووداوێکی سەختی هاتووچۆ لەسەر رێگەی سەرەکیی سنە - هەمەدان روویدا، کە بەهۆیەوە 11 کەس گیانیان لەدەستدا و حەوت کەسی دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەی ئامارەکانی دادپزیشکیی سنە، شەش لەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە فەرمانبەری پرۆژەی ئامادەکردنی شارۆچکەی پیشەسازیی دێولان بوون، کە پێکدێن لە ناسر خانزادی، فەرهاد ریازی، مەهدی زەندی پووریان، سەید عەتاوڵڵا خادمی، ئەحمەد مەنسووری و یاسین مەنسووری.
هەروەها ئیحسان منتەشلو (پۆلیسی هاتووچۆ) و مازیار شاکری (کرێکاری کارگەی شووشە) لەناو قوربانییاندان. دادپزیشکیی سنە ئاماژەی بەوەشکردووە، تەرمی سێ کەسی دیکە بە ناوەکانی (سۆران ئەلیاسی، یەدوڵڵا سەلیم فەرد و کیان رەجەب زادە) بەهۆی شێواوی تەرمەکانیانەوە پێویستیان بە پشکنینی DNA هەیە.
بەپێی زانیارییەکان، حەوت کەس لە رووداوەکەدا برینداربوون و لە نەخۆشخانەی "کەوسەر" لەژێر چاودێریی پزیشکیدان. ناسنامەی شەش لە بریندارەکان ئاشکراکراوە کە بریتین لە: کەیوان شێخ ئەحمەدی، خەلیل خودابەخشی، هوشیار باباوەیسی، حەبیبوڵڵا محەممەدی، جەلال وەکیڵی و بەختیار ئیلاهی.


