رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری شاری راسک لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان هێرش کرایە سەر هێزە ئەمنییەکان و پاسدارێک کوژرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، پەیوەندییەکانی سوپای پاسداران رایگەیاند: "شەوی رابردوو لە ئەنجامی تەقەکردنی چەند چەکدارێکی نەناسراو لە بنکەیەکی هێزە ئەمنییەکان لە شارۆچکەی پاروودی سەر بە شاری راسک ئەندامێکی سوپای پاسداران کوژرا."
بەپێی سوپای پاسداران، پاسدارەکە ناوی (رەئوف ئیسحاقی)ـیە.
بەگوێرەی سوپای پاسداران، تەقەکەرەکان دوای کردەکە هەڵاتوون و هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا بڵاوبوونەتەوە.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی ئەنجامدانی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ و پۆلیسی زاهیدان دەڵێت، هەوڵەکانیان بۆ دەستگیرکردنی تەقەکەرەکان بەردەوامن.
ئەوە لە کاتێکدایە، شەوی یەکشەممە، 6ـی ئەیلوول، دوو ئەندامی سوپای پاسداران لە سنووری شاری زاهیدان کوژران.
(جەیشولعەدل) کە گرووپێکی چەکداریی بەلووچەکانە و دژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ناوەناوە هێرش دەکاتە سەر بنکە و بارەگا ئەمنییەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان.



