رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێ، لەگەڵ بەردەوامیی جەنگی تاران و واشنتن نیی. جەنگدا نییە؛ داواش لە بەرپرسانی وڵاتەکەی دەکات لە بەرامبەر ''دووژمنان''ـیان یەکگرتوویی بپارێزن.
ئەمڕۆ هەینی 11-09-2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی زانکۆکانی وڵاتەکەی باسی لە جەنگی تاران و واشنتن کرد و رایگەیاند: ''لەگەڵ بەردەوامیی جەنگدا نیم، بەڵام دەبێ بەرامبەر بە پێشهاتەکانی داهاتوو، خۆڕاگریی وڵات زیاتر بکەین.''
بەگوتەی مەسعود پزیشکیان، بۆ زیاترکردنی خۆڕاگریی وڵاتەکەی لە دۆخی جەنگدا، ''دەبێ رێگەیەک بگرینەبەر کە ناچار نەبین لە بە شێوەیەکی دیکە (پێگەی لاواز) لەگەڵ دووژمن دانوستاندن بکەین''.
سەرۆککۆماری ئێران داوا لە بەرپرسانی وڵاتەکەی دەکات، بەرامبەر ''دووژمنان''ـیان و بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکان یەکگرتوو بن، ''لەگەڵ هیچ کەسێکدا شەڕمان نییە نە ریفۆڕمخواز و نە تووندئاژۆ، نە ئایینی و نە نائایینی، چارەسەرکردنی کێشەی وڵات، پەیوەندیی بە باوەڕ و بیروبۆچوونی کەسەکانەوە نییە''.
قسەکانی پزیشکیان لەکاتێکدان، جارێکی دیکە ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتن گەیشتوونەتە لووتکە و بەرپرسانی وڵاتەکەی لەسەر بەردەوامیدان یان کۆتاییهێنان بە جەنگ و دانوستاندن ناکۆکن.
بەشێکی بەرپرسانی ئێران رەتی دەکەنەوە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا هیچ ئەنجامێکی هەبێ و بۆ دەربازبوونی وڵاتەکەیان لە دۆخی ئێستا، تەنیا جەنگ بە چارەسەر دەزانن.
لە بەرامبەردا ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئێرانی کە نزیکن لە مەسعود پزیشکیان، لەگەڵ بەردەوامیدان بە جەنگ نین و گەڕانەوە بۆ یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد بە تەنیا چارەسەر دەزانن.
یاداشتنامەکە ئیسلام ئاباد لە رۆژی 18-06-2026 ، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەلایەن سەرۆککۆماری ئێران و سەرۆکی ئەمریکا واژۆ کرابوو، بەڵام بەهۆی پەرەسەندنە سەربازییەکانی مانگی تەممووزەوە هەڵوەشایەوە.



