رووداو دیجیتاڵ
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە لێدوانەکانی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، سەبارەت بە پەیوەندیی جەنگی ئێران و شکستی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردندا، ڤانس بە "قومارچییەکی دۆڕاو" دەچوێنێت.
رۆژی پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، محەممەدباقر قالیباف لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "سەرۆکەکەت خەریکی ئامادەکردنی قۆناخی داهاتووی جەنگە، لە کاتێکدا ئەمریکا لەسەر لێواری هەڵدێری سیاسەتی سەرەتا ئیسرائیلدایە."
قالیباف رووی لە ڤانس کرد و گوتی: "واز لە گوتاری نمایشکارانە بهێنە. بۆچی ئەمە بە سەرۆکەکەت ناڵێیت؟"
دوێنێ چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، جەی دی ڤانس هۆکاری سەرەکیی شکستی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەخولدا بۆ جەنگی ئێران و بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی گەڕاندەوە. بە گوتەی ڤانس، دەنگدەران بەهۆی ئەو بارودۆخەوە سزای کۆمارییەکانیان داوە. ئەو ئاماژەی بە 4 داواکاریی سەرەکیی دەنگدەران کرد: کۆتاییهێنان بە جەنگ، چارەسەرکردنی هەڵاوسان، بەرزکردنەوەی ناوی دروشمی "ئەمریکا لە پێشینەیە" و گۆڕینی شێوازی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعوودیە و ئیسرائیل.
لە هەڵبژاردنەکانی 3ـی تشرینی دووەمی 2026دا، کۆمارییەکان زۆرینەیان لە ئەنجوومەنی پیران و نوێنەران لەدەست دا. ئەم بارودۆخە سیاسییە لە کاتێکدایە کە دوای هێرشەکانی 28ـی شوباتی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تەنگەی هۆرموز لەلایەن تارانەوە بە رووی کەشتییەکاندا داخراوە. ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و گوشارێکی زۆری دارایی لەسەر هاووڵاتییانی ئەمریکی دروست کردووە.
.webp&w=3840&q=75)

.webp&w=3840&q=75)