رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆیان کردووە. گوتیشی: "پووتین رایگەیاند کە ئامادەیە لەپێناو کۆتاییهێنان بەو جەنگە هەر جۆرە هاوکارییەک پێشکەش بکات."
موحسین رەزایی، دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆشکی کرێملین باسی ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی نێوانیان کرد و رایگەیاند، لە دیدارەکەدا پرسە گرنگەکانی ناوچەکە، گۆڕانکارییەکانی قۆناغی دوای جەنگ و دوایین پەرەسەندنە ئەمنی-سەربازییەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران.
موحسین رەزایی ئاماژەی بەوە کرد، لەو دیدارەدا پەیامی موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێرانی رادەستی پووتین کردووە و رایگەیاند: "رێبەری باڵا خوازیار بوون کە لە زووترین کاتدا پەیامەکەیان بگەیێنمە دەستی بەڕێز پووتین."
بە گوتەی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە کۆبوونەوەکەدا باسی کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکایان کردووە و گوتی: "پووتین زۆر بە توندی و شێلگیرانە هێرشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران و بۆردومانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی سەرکۆنە کرد؛ ئەو پێی وابوو کە ئەم جەنگەی دژی ئێران نادادپەروەرانە بووە و دەبێت لە زووترین کاتدا کۆتایی پێ بهێنرێت."
رەزایی جەختی کردەوە: "پووتین لەم دیدارەدا گوتی، هەر هاوکارییەک لە دەستمان بێت بۆ کۆتاییپێهێنانی جەنگەکە دەیکەین و ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، کە لە دیدارەکەیدا لەگەڵ پووتین، "باس لە راکێشانی هێڵی بۆریی گاز لە رووسیاوە بۆ ئێران کراوە بە مەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنانی گازی ناوخۆیی لە ئێران و فرۆشتنی گازەکە بە وڵاتانی دەوروبەر."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، بە سەردانێکی چاوەڕواننەکراو گەیشتە مۆسکۆ و لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆبووەوە.

.webp&w=3840&q=75)
.webp&w=3840&q=75)