رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، ئەوان کێشەیان لەگەڵ هیچ وڵاتێکی ناوچەکەدا نییە و کێشەی ئەوان لەگەڵ بنکەکانی ئەمریکایە؛ دەشڵێت، لەگەڵ سعودیە لە جەنگدا نین و حووسییەکان کێشەی خۆیانیان هەیە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای هیندستان رایگەیاند، "ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئیماراتدا نییە. ئێمە لەگەڵ هیچ وڵاتێکی ناوچەکەدا کێشەمان نییە. کێشەی ئێمە لەگەڵ بنکەکانی ئەمریکایە کە لەو وڵاتانەدا جێگیرکراون و لەوێوە هێرشمان دەکەنە سەر."
رۆژی 28ی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی وەڵامیدانەوە. بیانووی بەرپرسانی ئێران بۆ ئەو هێرشانەیان بوونی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بووە لەو وڵاتانەدا.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سعودیە پزیشکیان گوتی، "ئێمە لە جەنگدا نین لەگەڵ سعودیە و حووسییەکان کێشەی تایبەتیی خۆیانیان هەیە."
حووسییەکان بە گرووپێکی چەکداری نزیک لە ئێران دادەنرێن و لە 3ی ئەیلوولەوە دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێک کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی کەناراوەکانی رۆژئاوای یەمەن. لەو کاتەوە چەند جارێک حووسییەکان هێرشیانکردووەتە سەر سعودیە و ئەو هێزانەی کە حووسییەکان بە نزیک لە سعودیەیان دادەنێن.
حووسییەکان، سعودیە بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لە 10 رۆژی رابردوودا 129 هێرشیانکردوونەتە سەر.
سەبارەت بە تەنگەی هورمزیش سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، "رۆژی دووشەممە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی کە دەیانویست ئێمە لەگەڵ یەکدیدا بەشەڕ بێین، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ عومان دەبێت تاوەکو جۆرێک لە رێککەوتنیان هەبێت سەبارەت بە تەنگەی هورمز و رێکخراوێکی نێودەوڵەتی تایبەت بە پرسەکە رادەگەیەندرێت. بۆیە، لە چوارچێوەی بنەما دانراوە نێودەوڵەتییەکاندا، رێڕەوە ئاوییەکە دەکرێتەوە بەو مەڕجەی ئەمریکا کۆتایی بە گەماڕۆکەی و چالاکییە ترسنۆکانەکانی بهێنێت."
لە 2ی ئادارەوە ئێران تەنگەکەی بە رووی کەشتییەکاندا داخستووە. بە گوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی دەریایی، پێش جەنگ رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بەو تەنگەیەدا هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرا، لەو کاتەوە بە تێکڕا کەمتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ هەر رۆژێک هەناردەکراوە.
لە 14ی تەممووزیشەوە ئەمریکا گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و بە گوێرەی سێنتکۆم، لەو کاتەوە ئاڕاستەی لانیکەم 100 کەشتییان گۆڕیووە کە دەیانویست گەمارۆکە بشکێنن.



