رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تەنگەی هورمز تەنانەت دوای رێککەوتنی نێوان ئێران و عومانیش ناکرێتەوە و دەڵێت: "مەرجی ئێران بۆ کردنەوەی تەنگەکە، گەڕانەوەی ئەمریکایە بۆ پابەندییەکانی لە رێککەوتننامەی ئیسلامئاباد."
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیایەکی عەرەبیدا رایگەیاند، رێککەوتن لەگەڵ عومان بە هیچ شێوەیەک بە واتای کردنەوەی تەنگەی هورمز نییە.
وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژەدان بە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی نێوان ئێران و وڵاتانی کەنداو لە عومان رایگەیاند، کارنامەی کۆبوونەوەی بەیانی "رێڕۆ دەریایییە نوێیەکەی تەنگەی هورمزە." گوتیشی: "وردەکارییەکانی رێککەوتنەکەمان لەگەڵ عومان و نەخشەکانی پەیوەندیدار بە رێڕۆ نوێیەکە دەخەینە بەردەست وڵاتانی بەشدار بوو."
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریشی دا کە "ئێران پێیوایە بەرپرسیارێتی دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە تەنیا لە ئەستۆی وڵاتانی ناوچەکەیە. هیوادارین ئەم گفتوگۆیانە زەمینە خۆش بکەن بۆ راوێژەکانی داهاتوو سەبارەت بەو بابەتانەی جێی بایەخی وڵاتانی ناوچەکەن."
ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، بەپێی لێکتێگەیشتنەکەی ئێران و عومان "تەنگەی هورمز بە تەواوی ناکرێتەوە، بەڵکوو زەوینە بۆ کردنەوەی خۆش دەکات."
ئێران رایگەیاندووە، بەشداری لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کەناراوەکانی کەنداو و دەریای عومان دەکات، کە بڕیارە رۆژی دووشەممە لە شاری سەلالەی عومان بەڕێوەبچێت.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی هەینی رایگەیاندبوو: "گفتوگۆ لەسەر ئەنجامی دانوستاندنەکانی ئێران و عومان سەبارەت بە دیاریکردنی رێڕۆی ئارام بۆ دەریاوانیی بازرگانی لە تەنگەی هورمزدا دەکرێت."
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین رایگەیاندووە، بەشداری لە هیچ کۆبوونەوەیەکدا ناکات کە ئێران تێیدا ئامادە بێت. بەپێی هەندێک راپۆرتیش، وەزیری دەرەوەی ئیمارات بەشداری لە کۆبوونەیەکدا ناکات و ئەگەری هەیە بەرپرسێکی پلەنزمتر لە وەزیر بنێرێتە عومان.



