رووداو دیجیتاڵ
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای هیندستان رایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل سیاسەتی "دابەش بکە و زاڵبە" پەیڕەو دەکەن و دەیانەوێت وڵاتانی عەرەبی دژی ئێران یەکبخەن. راشیگەیاند، وڵاتەکەی بەدوای چەکی ئەتۆمەوە نییە.
پزیشکیان لەو هەڤپەیڤینەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی ئەیلوولی 2026 بڵاوکرایەوە، رایگەیاند، لەنێوخۆی ئێراندا کار لەسەر دروستکردنی ئاڵۆزی لەنێوان نەتەوە و پێکهاتەکان دەکرێت و گوتی: "لە رووداوەکانی 8 و 9ـی کانوونی دووەمی نێوخۆدا، ترەمپ خۆی رایگەیاند هێزەکانی پڕچەک کردووە بۆ ئەوەی حکومەت بڕووخێنن."
سەرۆککۆماری ئێران باسی لە مەرامی واشنتن و تەلئەڤیڤ لە ناوچەکە کرد و گوتی: "نیازی ئەوان ئەوەیە وڵاتانی عەرەبی لە دژی ئێران یەکبخەن بۆ ئەوەی شەڕ دروستببێت؛ کاتێکیش شەڕ رووبدات، نەوت و سامانی ناوچەکە دەبەن و لە بەرامبەریشدا چەک بەو وڵاتانە دەفرۆشن."
سەبارەت بە پەیوەندییە هەرێمییەکانیش، پزیشکیان روونیکردەوە کە پەیوەندییان لەگەڵ ئیمارات، عەرەبستانی سعودی، پاکستان، قەتەر، رووسیا و چین دۆستانەیە و "کێشەی سەرەکی لە ناوچەکەدا بوونی بنکەکانی ئەمریکایە."
لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکەیەوە، سەرۆککۆماری ئێران گوتی: "ئەگەر بەدوای چەکی ئەتۆمەوە بووینایە، نەدەبووینە ئەندام لە پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT). ئێران پابەندی پەیماننامەکەیە و بەدوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمەوە نییە، هاوکات بۆ گفتوگۆ لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا ئامادەیە."
پزیشکیان ئەوەشی خستەڕوو ئێران دەستپێشخەری هیچ جەنگێک نەبووە و تەنیا بەرگریی لە خۆی کردووە و گوتی: "ئێران بەدوای شەڕەوە نییە، بەڵام بە سەپاندنی سزا، رێگریکردن لە دەرمان و خۆراک و گوشارخستنەسەر خەڵک چۆک دانادات؛ تاکە رێگەش راگرتنی دەستدرێژی و تاکڕەوییەکانی ئەمریکایە."
ئەم لێدوانانەی پزیشکیان لەکاتێکدان رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "گوتەکانی سەرۆکی ئەمریکا راستن کە ئێران هەوڵدەداتەوە چەکی ئەتۆم بەدەستبهێنێت." نەتەنیاهوو هەڕەشەی کرد و گوتی: "توانای ئەتۆمیی ئەوانمان تێکشکاند، بەڵام هەوڵی بنیاتنانەوەی دەدەن."



