رووداو دیجیتاڵ
بۆ جاری سێیەم، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەنگی دا بە کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران و بڕیارێکی تایبەت بە دەسەڵاتەکانی جەنگی پەسند کرد، کە توانای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەردەوامیدان بە هەنگاوە سەربازییەکان بەبێ رەزامەندیی کۆنگرێس رادەگرێت.
لە دەنگدانەکەی درەنگانی رۆژی چوارشەممەدا 16-09-2026 کە بە 220 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 204 دەنگی نەخێر پەسند کرا، هاوشێوەی هەوڵەکانی پێشووی ئەم هاوینە، چەند کۆمارییەکی دیکە چوونە پاڵ دیموکراتەکان بۆ دەنگدان بە کۆتاییهێنان بە جەنگەکە. هیچ کام لە بڕیارەکان نەگەیشتوونەتە کۆشکی سپی، کە ترەمپ دووبارە دەکرێ ڤیتۆی بکات.
سێس مۆڵتن، نوێنەری دیموکراتەکان کە پێشتر لە جەنگی عێراقدا سەربازی هێزی دەریایی بووە و پاڵپشتیی بڕیارەکەی دەکرد، گوتی: "لەبیرتانە کاتێک دۆناڵد ترەمپ گوتی ئەم جەنگە تەنیا چەند هەفتەیەک دەخایەنێت؟"
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کاتی ئەوە هاتووە کۆنگرێس "وەک ئەوەی دەستوور رێنماییمان دەکات، پرسیاری قورس بکات، لەبری ئەوەی ملکەچی ئیدارەیەکی دیکەی شەڕانگێز بێت."
لە بەرامبەردا، برایان ماست، نوێنەری کۆمارییەکان و سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، پرسیاری ئەوەی کرد، دیموکراتەکان دەیانەوێت کام سەرچاوەی سەربازی لە ناوچەکە بکێشنەوە، لە کاتێکدا ئێران هێشتا وەک هەڕەشە دەمێنێتەوە.
ماست روونیکردەوە، ترەمپ دژی "جەنگی هەمیشەییە و ئەوەش ئەو شتەیە کە کۆتایی پێدەهێنێت،" مەبەستیشی لە دەیان ساڵ دووژمنایەتیی ئێران بوو. ماست گوتی: "ئەوان هەڕەشەیەکی بەردەوامن بۆ سەر ئەمریکا. ئیدی بەسە."
ئەگەری زۆرە ئەمە دوایین دەنگدانی ئەنجوومەنی نوێنەران بێت لەسەر جەنگی ئێران پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول، کە ململانێی دەرەوەی وڵات رۆڵێکی بەرچاو لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا دەگێڕێت. ئەو جەنگەی ترەمپ لە 28ـی شوباتدا دەستی پێکرد، درێژەی کێشاوە و نزیکەی 7 مانگە گۆڕینەوەی هێرشی مووشەکیی کوشندە ناوچەکەی وێران کردووە.
دەنگدەران رووبەڕووی بەرزیی نرخەکان بوونەتەوە، بەتایبەتی نرخی بەنزین، چونکە ململانێکان بوونەتە هۆی پچڕانی هەناردەی سەرچاوەکانی نەوت بەنێو تەنگەی هورمزدا.
نووسینگەی بودجەی کۆنگرێس رۆژی سێشەممە بڵاویکردەوە، تاوەکو 1ـی ئاب تێچووی جەنگەکە زیاتر لە 38 ملیار دۆلار بووە و پێشبینی دەکرێت مانگانە لە نێوان 2 بۆ 3 ملیار دۆلار تێچووی هەبێت. نووسینگەکە پێشبینیشی کردووە، بەهۆی جەنگەکەوە، هەڵاوسان بەرەو ساڵی 2027 نزیکەی 0.5٪ بەرزتر بێت لەوەی چاوەڕوان دەکرا.
ترەمپ پێشتر بەڵێنی دابوو ئەمریکا تێوەنەگلێنێت لە جەنگی دەرەکی. بەپێی راپرسییەکی AP-NORC لە مانگی تەممووزدا، زۆربەی ئەمریکییەکان پێیان وایە جەنگی ئێران شایەنی ئەوە نەبووە بکرێت.
لە دەنگدانەکانی پێشوودا تەنیا چوار کۆماری دەنگیان بە راگرتنی جەنگەکە دابوو، بەڵام لە دەنگدانەکەی رۆژی سێشەممەدا ئەو ژمارەیە بەرزبووەوە بۆ 7 نوێنەر، کە لەگەڵ تەواوی دیموکراتەکان دەنگیان بە بڕیارەکە دا.
کۆنگرێس چەندین جار هەوڵی داوە ئاراستەی جەنگی دژی ئێران بگۆڕێت، بەڵام هەوڵەکان بۆ سنووردارکردنی هەنگاوە سەربازییەکانی ئیدارەی ترەمپ هێشتا ئەستەمن تاوەکو ئەو کاتەی ترەمپ بتوانێت ڤیتۆی بڕیارەکان بکات. پێشتر و لە هەوڵی دەیەمیدا، ئەنجوومەنی پیران بڕیارێکی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە پەسند کرد، بەڵام رۆژی دواتر سێناتۆرە کۆمارییەکان پاشگەزبوونەوە دوای ئەوەی ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا سەرکۆنەی کردن.
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران رۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دانی بەوەدانا، پێویستە نرخی بەنزین کەم بکرێتەوە. بەڵام ئەو سەرۆکە کۆمارییە گوتی، پێیوایە جەنگی ئێران پێ دەنێتە "قۆناخێکی نوێوە" بەوپێیەی هاوپەیمانان هەوڵەکانیان بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە زیاتر دەکەن. گوتیشی: "کاتێک ئەوە روودەدات، وەک سەرۆک گوتی دەیبینن کە هەر کاتێک نرخی بەنزین دابەزێت، تێچووی خۆراکیش دادەبەزێت."
جۆنسن ئاماژەی بەوەش کرد، ترەمپ چاوەڕوان دەکات ئەو گۆڕانکارییە دوای هەڵبژاردنەکان رووبدات، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش گوتی: "پێمخۆشە هەر ئەمڕۆ ئەوە رووبدات."


