رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانییان درۆنێکی پێشکەوتووی ئەمریکایان لە ئاسمانی دوورگەی قیشم کردووەتە ئامانج و خستوویانەتە خوارەوە؛ بەمەش ژمارەی ئەو درۆنە ئەمریکییانەی لە ماوەی 6 رۆژدا خستوویانەتە خوارەوە گەیشتە 5 درۆن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی ئەیلوولی 2026، سوپای پاسداران رایگەیاند، دوای کاراکردنی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە ناوچەی دوورگەی قیشم، توانیویانە "بە سەرکەوتوویی" درۆنێکی سوپای ئەمریکا لە جۆری (MQ-9 Predator) بخەنە خوارەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەم درۆنە یەکێکە لە درۆنە سیخوڕی و جەنگییە سەرەکییەکانی ئەمریکا، کە توانای 27 بۆ 36 کاژێر فڕینی بەردەوامی هەیە و بۆ ئەرکەکانی چاودێری، کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و پێکانی ئامانجەکان بە مووشەکی ورد بەکاردەهێندرێت.
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمە پێنجەمین درۆنی هێزەکانی ئەمریکایە کە لە ماوەی 6 رۆژی رابردوودا لەلایەن هێزەکانیانەوە لە ئاسمانی نزیک تەنگەی هورمز دەپێکرێت و دەخرێتە خوارەوە.
سوپای پاسداران دەشڵێت، "تاوەکو ئێستا 52 درۆنی جۆری MQ-9یان خستووەتەخوارەوە."
پێکانی ئەم درۆنە لە کاتێکدایە کە گرژییە دەریاییەکان لە کەنداو و تەنگەی هورمز گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرز.



