رووداو دیجیتاڵ
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێ، وڵاتەکەی لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە پەیام و مەرجەکانی خۆی ئاراستەی ئەمریکا کردووە. قالیباف ئاماژە بەوە دەکات: "پێمان وایە دووانەی جەنگ یان دانوستاندن راست نییە، بەڵکو دەبێت لە یەک کاتدا شەڕ و دانوستاندن بکەین."
رۆژی یەکشەممە، 20ی ئەیلوولی 2026، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا کە بە شێوازی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، رەخنەی لەو رەوت و لایەنانە گرت کە وڵات بەرەو "جەنگێکی بێبڕانەوە" دەبەن.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە گوتاری پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکەدا گوتی: "بەداخەوە لە کەشی سیاسیی ئەمڕۆی وڵاتدا، دوو هەڵەی ستراتیژی هەن. یەکەم، روانگەیەک کە باس لە جەنگ دەکات، بەڵام هیچ ئاسۆ و میکانیزمێکی بۆ کۆتاییهێنانێکی بەهێزانەی جەنگەکە نییە. ئەم روانگەیە بە رەتکردنەوەی هەر جۆرە مامەڵە و دیپلۆماسییەک، بەبێ هەڵسەنگاندنی تواناکان، بە کردەوە وڵات بەرەو سووڕانەوە و جەنگێکی بێبڕانەوە دەبات. لە بەرامبەریشدا، رەوتێک هەیە کە تووشی هەڵەی کەم نرخاندنی توانای نیشتمانی بووە، ئێران بە لاواز دەزانێت و بە ترساندن، رێگای خۆبەدەستەوەدان و قبووڵکردنی مەرجە یەکلایەنەکانی دووژمن پێشنیاز دەکات."
محەممەدباقر قالیباف جەختی کردەوە کە ئێران لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە پەیام و مەرجەکانی بۆ ئەمریکا ناردووە و گوتی: "گواستنەوەی پەیامەکان و روونکردنەوەی مەرجەکانمان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بە روونی بە لایەنی بەرامبەر گەیێندراوە."
قالیباف گوتی: "ئێمە پێمان وایە دووانەی جەنگ یان دانوستاندن راست نییە، بەڵکو دەبێت لە یەک کاتدا شەڕ و دانوستاندن بکەین. دەبێت بە عەقڵانییەت و بەهێزییەوە بجەنگین و لە کاتی گونجاودا بە دەسەڵات و عەقڵانییەتەوە دانوستاندن بکەین."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران روونیکردەوە، تاوەکو ئەو کاتەی مەرجە پێشوەختەکانی ئێران جێبەجێ نەکرێن و ئەمریکا بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکات، "هیچ دەرچەیەک بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشووی دانوستاندن و کردنەوەی تەنگەی هورمز بوونی نابێت."
رۆژی شەممە، 19ی ئەیلوولی 2026، موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، تاران مەرجەکانی خۆی بۆ دانوستاندن لە رێگەی نێوەندگیرەکانی قەتەر و پاکستانەوە بە ئەمریکا گەیاندووە و ئێستا "چاوەڕوانی وەڵامی ترەمپە."
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هەڕەشەی لە واشنتن کرد و گوتی: ''لە بەرژەوەندیی ئەمریکایە مەرجەکانی ئێمە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ قبووڵ بکات."
بەگوتەی موحسین رەزایی، مەرجەکانی ئێران بریتین لە ''کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکان، ئازادکردنی سامانە بلۆککراوەکانی تاران و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی سەربەندەرەکانمان."


