رووداو دیجیتاڵ
قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە و دەڵێت، دژی ئێران لە وڵاتێکی ئەورووپی کۆبوونەتەوە؛ هەڕەشەش دەکات، ''ئەگەر هەڵەیەک بکەن، دەبنە ئامانجی هێرشێکی بەئازار''.
ئەمڕۆ یەکشەممە 20-09-2026، قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران پەیامێکی هەڕەشە ئامێزی ئاراستەی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە کرد.
لە پەیامەکەی قەرارگەی خاتەمولئەنبیادا هاتووە، ''ئەمریکا بە نیشاندانی گڵۆپی سەوزی وڵاتانی ناوچەکە، لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا لەگەڵیان لە یەکێک لە وڵاتانی ئەورووپی، جارێکی دیکە دژی ئێران هەنگاوی ناوە''.
قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشداری دەدات: ''ئەگەر ئەمریکا هەڵەیەک بەرامبەر ئێران بکات، هەموو بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەم وڵاتە لە ناوچەکەدا، بەبێ هیچ سنوور و بەربەستێک، دەکرێنە ئامانجی هێرشی بەردەوام، کاریگەر و بەئازار''.
هاوکات قەرارگەی خاتەمولئەنبیا هەڕەشە لە وڵاتانی ناوچەکەش دەکات: ''ئەگەر بەردەوام بن لە سیاسەتی دوو جەمسەریی بەرامبەر ئێران و هاودەنگی ئەمریکا بن سەبارەت بە دەستدرێژییەکان، ئەوا هەموویان بە هاوبەشی ئەو خراپەکارییە دادەنرێن و چیدیکە ناتوانن چاوەڕوانی دانبەخۆداگرتنی هێزە چەکدارەکانمان بن''.
هۆشدارییەکەی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران لەکاتێکدایە، دوو بەرپرسی باڵای ئیسرائیلی بە ماڵپەڕی (ئەکسیۆس)ـی ئەمریکییان راگەیاندووە، سەرەتاکانی ئەیلوول کۆبوونەوەیەکی سەربازیی نهێنی و باڵا لە ئەڵمانیا لە نێوان فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبیدا بەڕێوەچووە، کە تێیدا پرسی جەنگ لەگەڵ ئێران و ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێ کراون.
بەگوێرەی ئەکسیۆس، جگە لە فەرماندەی سێنتکۆم، سەرۆک ئەرکانی سوپای هەریەک لە ئیسرائیل، سعودیە، ئیمارات، بەحرێن، کوێت، قەتەر، ئوردن و میسر بەشدار بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەدمیراڵ براد کووپەر دڵنیایی داوەتە بەشداربووان کە سەرەڕای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، واشنتن بە هیچ شێوەیەک هێزەکانی لە ناوچەکە ناکشێنێتەوە.
هاوکات فەرماندەی سێنتکۆم پلانەکانی ئەمریکای بۆ فراوانکردنی پاراستنی هاتووچۆی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز خستووەتەڕوو.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی رایگەیاندووە، جەنەراڵ ئەیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل لە کۆبوونەوەکەدا شرۆڤەیەکی وردی لەبارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای وڵاتەکەی لە بەرەکانی جەنگدا پێشکێش بە ئامادەبووان کردووە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەی بۆ ئەکسیۆس پشتڕاستکردووەتەوە و رایگەیاندووە، لە کۆنفرانسێکی بەرنامە بۆ داڕێژراودا لە ئەڵمانیا، میوانداریی سەرکردە سەربازییە باڵاکانی هەشت وڵاتی کردووە و "دەرفەتەکانی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی ئەمنییان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاوتوێ کردووە."



