رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، سەرەڕای قەرزە کۆنەکان، سنوورداریی هەناردەی نەوت و تێچووەکانی جەنگ، حکومەتەکەی رێگەی نەداوە پڕۆژە ستراتیژییەکان لە ئێران بوەستن و وڵاتەکە لە رووی داراییەوە پەکی بکەوێت و گوتیشی، چارەسەرکردنی بێکاری و کێشەی بژێوی خەڵک لە پێشینەی کارەکانیاندایە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ی ئەیلوولی 2026، مەسعود پزیشکیان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی حکومی و کەسایەتییە سیاسییەکانی وڵاتەکەی، تیشکی خستە سەر دۆخی وڵات لە سەردەمی جەنگدا و باسی "پلانی دووژمنان بۆ لێدانی ئێران" کرد و گوتی: "لەم دۆخە هەستیارەدا، ئەوەی زۆر گرنگە بەردەوامبوونی چالاکییەکان و رێگریکردنە لە وەستانی رەوتی گەشەپێدانی وڵات."
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بە کۆنتڕۆڵکردنی کێشەکانی وزە کرد و رایگەیاند: "لە سهختترین دۆخدا، پرۆسەی جێبەجێکردنی پڕۆژە گەورەکان نەوەستاوە. کەمکردنەوەی 5%ـی بەکارهێنانی کارەبا، زیادکردنی بەردەوامی بەرهەمهێنانی کارەبا و راگرتنی رەوتی بەرزبوونەوەی بەکاربردنی بەنزین، بەبێ ئەوەی کێشە لە ژیانی رۆژانەی خەڵکدا دروست ببێت، لەو کارانەن کە بە پلانی بەردەوامی حکومەت جێبەجێ کراون."
مەسعود پزیشکیان رایگەیاند، "سەرەڕای قەرزە کۆنەکان، کێشە بەجێماوەکانی رابردوو، تێچووەکانی جەنگ و سنوورداریی هەناردەی نەوت، حکومەت هاوسەنگیی دارایی راگرتووە و نەمانهێشتووە وڵات پەکی بکەوێت."
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمریکا گەماڕۆیەکی قورسی ئابووریی بەسەر ئێراندا سەپاندووە و رێگە بە هاتووچۆی هیچ کەشتییەکی نەوتهەڵگر و بازرگانی نادات بەرەو بەندەرەکانی ئێران بڕۆن یان لەوێوە بۆ بەندەرەکانی دیکەی جیهان گەشت بکەن.
پزیشکیان باسی کاراکردنی کەرتی دیپلۆماسی و بازرگانی کرد لە کاتی قەیرانەکاندا و گوتی: "دیپلۆماسیی چالاکی وڵات، بەدواداچوون بۆ پڕۆژەکانی رێڕۆی گواستنەوە و بە کراوەیی هێشتنەوەی سنوورەکان بۆ بەردەوامبوونی هاوردە و هەناردە، دابینکردنی دەرمان و پلاندانان بۆ رێگریکردن لە وەستانی چالاکی کارگەکان، لە دەستکەوتە گرنگەکانی حکومەتن."
سەرۆککۆماری ئێران داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد بێنە سەر هێڵ و گوتی: "رەخنەگرتن و پێشنیاز لە تیۆریدا ئاسانە، بەڵام بە کردەوە بەتایبەت لەم دۆخە مەترسیدارەدا، ئاڵۆزیی زۆری تێدایە. ئێمە داوای بەشداریی هەمووان دەکەین، بەڵام دەبێت ئەم بەشدارییە بگاتە قۆناخی جێبەجێکردن و بەرپرسیارێتی."
مەسعود پزیشکیان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پرسی بژێویی خەڵکی هێنایە بەرباس و رایگەیاند: " ناکرێ ئێمە بەرپرس بین و کەسێک لەم وڵاتەدا کێشەی بژێوی هەبێت. ئێستا لە کۆبوونەوەی بەردەوامداین بۆ زیادکردنی بڕی کۆبۆنی خۆراک (کالابەرگ) و دڵنیاین بە یەکڕیزیی ناوخۆیی بەسەر کێشەکاندا زاڵ دەبین."
لەو کۆبوونەوەیەدا، محەممەدجەعفەر قایمپەنا، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن، راپۆرتێکی لەسەر قەبارەی ئەو زیانانە خوێندەوە کە لە جەنگی ئەم دواییەدا بەر کەرتە جیاوازەکانی ئێران کەوتوون و پلانی حکومەتی بۆ قەرەبووکردنەوەیان روون کردەوە.
هاوکات موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەو دیدارەدا جەختی لەسەر کۆکردنەوەی سەرجەم تواناکانی وڵات و پاڵپشتیکردنی هێزە چەکدارەکان و حکومەت کردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاڵنگارییە سەربازی، سیاسی و ئابوورییانەی کە لەلایەن دووژمنانەوە ئاراستەی ئێران دەکرێن.



