رووداو دیجیتاڵ
ئێران رایگەیاند، تاران لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە مەرجەکانی خۆی بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز بە واشنتن گەیاندووە، کە بە درێژایی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەلایەن ئێرانەوە گەمارۆ دراوە.
ئێران و ئەمریکا چەندین مانگە لە جەنگ و چەقبەستووییەکی سەربازیی توونددان، کە لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ئەم ساڵەوە بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد.
لەو کاتەوە تاران تەنگەی هورمزی داخستووە کە رێڕۆیەکی سەرەکییە بۆ گواستنەوەی نەوت و گازی جیهان، لە بەرامبەردا واشنتن هەڵمەتێکی بۆ گەمارۆدانی بەندەرەکان و ئابووریی ئێران دەستپێکردووە.
رۆژی یەکشەممە 20-09-2026 محەممەد باقرقالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کە وەک گەورە دانوستاندنکاری وڵاتەکەی لە گفتوگۆکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ بەشدارە، لە لێدوانێکدا بۆ تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران گوتی: "پەیامەکانمان و روونکردنەوەی مەرجەکانمان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بە روونی بە لایەنی بەرامبەر گەیێندراون."
قالیباف گوتی: "تاوەکو ئەو کاتەی مەرجەکان جێبەجێ نەکرێن و پابەندییەکان لەلایەن ئەمریکاوە جێبەجێ نەبن، گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش دانوستاندنەکان و کرانەوەی تەنگەی هورمز بە تەواوی مەحاڵ دەبێت."
لە لایەکی دیکەوە، موحسین رەزایی، بەرپرسی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا گوتی، وڵاتەکەی لە رێگەی قەتەرەوە مەرجەکانی بە ئەمریکا گەیاندووە و گوتی: "مەرجەکانی ئێمە بریتین لە: کۆتاییهێنان بە جەنگ لەسەرجەم بەرەکان، لادانی بلۆک لەسەر پارە سڕکراوەکان و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی."
بەرپرسانی تاران راشیانگەیاندووە، رۆژی یەکشەممە موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان وەک نێوەندگیر دەگاتە تاران بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە.
هاوکات لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییەکان، قەرارگەی خاتەمولئەنبیای سوپای ئێران هۆشدارییەکی تووندی دایە واشنتن و لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەگەر ئەمریکا هەڵە بکات لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێراندا، ئەوا سەرجەم بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا دەبنە ئامانجی هێرشی بەردەوام، کاریگەر و بەئازار، بەبێ هیچ سنووردارکردنێک."



