رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، حکومەتی وڵاتەکەت پێشنیازێکی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی تەنگەی هورمز لە حەوت رۆژدا داوەتە ئەمریکا. داواکارییەکانی ئێران لە بەرامبەر کردنەوەی تەنگەی هورمز بریتین لە راگرتنی شەڕ لە ناوچەکە، هەڵگرتنی سزاکانی سەر نەوتی ئێران، کۆتاییهێنان بە گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران و ئازادکردنی 12 ملیار دۆلار پارەی سڕکراوی تاران.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا و بەریتانیا، عەباس عێراقچی لە نیویۆرک رایگەیاندووە کە"ئەگەر مەرجە دیاریکراوەکان جێبەجێ بکرێن، ئەوا لە حەوت رۆژدا تەنگەی هورمز دەکرێتەوە و دانوستاندنەکانیش دەستپێدەکەنەوە." وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کردووە تاران چاوەڕێی وەڵامی فەرمیی واشنتنە و چینیش پاڵپشتی لە پێشنیازەکەی ئێران دەکات.
پێشنیازە نوێیەکەی تاران
بەپێی عێراقچی، تاران لە رێگەی پێشنیازەکەوە داوا دەکات سەرجەم پێکدادانە سەربازییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ حەوت رۆژ رابگیرێن، بە لوبنانیشەوە.
هەروەها تاران داوای ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی دەکات، لەگەڵ هەڵگرتنی سزاکانی سەر کەرتی نەوت و هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بەسەر بەندەرەکانی ئێران.
لە رۆژی حەوتەمی ئاگربەستەکەیشدا تاران تەنگەی هورمز دەکاتەوە.
کۆبوونەوە لەگەڵ نێردەکەی ترەمپ
عێراقچی رۆژی سێشەممە، 22ی ئەیلوولی 2026 لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان چاوی بە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی دۆناڵد ترەمپ کەوت و تاوتوێی دۆسیەکەیان کرد.
هاوکات حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسداران لە هەڤپەیڤینێكدا گوتی، راگرتنی تەواوەتیی هێرشە سەربازییەکان لە یەمەن، یەکێکە لە داواکارییە سەرەکییەکانی تاران بۆ رێککەوتن.
ئەم پێشنیازە دوای ئەوە هات کە لێکتێگەیشتنی مانگی حوزەیرانی نێوان هەردوو وڵات شکستی هێنا، کاتێک ئێران تەقەی لەو کەشتییە بازرگانییانە کرد لە تەنگەی هورمز کە پابەندی رێڕەوە دیاریکراوەکانی تاران نەبوون.
تاران داوا دەکات کەشتییە بازرگانییەکان پێشوەختە مۆڵەتی تێپەڕبوون وەربگرن و ئەوانەی پابەند نابن دەکرێنە ئامانج، لە بەرامبەردا ئەمریکاش ناوبەناو بۆردوومانی ناوچە کەناراوییەکانی ئێران دەکات.

