رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە رێگەی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی و تۆڕی جێبەجێکردنی تاوانە داراییەکان، گەمارۆیەکی بەرفراوان و تووندی بەسەر تەواوی کەرتی فڕۆکەوانیی مەدەنی و بازرگانیی ئێراندا سەپاندووە. بڕیارەکە لە 23ی ئەیلوولەوە بە جێبەجێ دەکرێ.
بە گوێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، واشنتن لە رێگەی ئەم بڕیارەوە "ئامانجییەتی تەواوی هێڵی فڕۆکەوانیی ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتی رابگرێ و بە تەواوەتی لە ئاسمانی جیهان دایبڕێنێ".
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کە لە 8ی ئەیلوولی 2026 بڵاوکراوەتەوە، "تاران فڕۆکە مەدەنییەکان وەک ئامرازێکی سەربازی بۆ گواستنەوەی چەک، درۆن، تەکنەلۆجیای مووشەک، پارەی کاش، زێڕ و ئەندامی سەر بە فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بۆ گرووپە هاوپەیمانەکانی وەک حیزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەن بەکاردەهێنێت".
لەو راگەیێندراوەدا ئەمریکا هۆشدارییەکی تووندی داوەتە حکومەتەکان، کۆمپانیا بیانییەکان و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان کە پێویستە دەستبەجێ هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکی زەوینی، سووتەمەنیپێدان، چاککردنەوە، دابینکردنی پارچەی یەدەگ و سیستمی بڕینی تیکت بۆ فڕۆکە ئێرانییەکان رابگرن، بە پێچەوانەوە هەر وڵات، فڕۆکەخانە یان کۆمپانیایەک کە پابەند نەبێت، راستەوخۆ دەکەوێتە ژێر سزای واشنتن، لە سیستمی دارایی دۆلاری ئەمریکی دەردەکرێ و مامەڵە داراییەکانی بلۆک دەکرێن.
لەگەڵ چوونە واری جێبەجێکردنی ئەم سزایانە لە وادەی دیاریکراودا لە 23ی ئەیلوولی 2026، زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان گەشتەکانیان لەگەڵ تاران هەڵپەساردووە، بەڵام داتاکانی چاودێریی فڕۆکەوانی و پێگەکانی فرۆشتنی تیکت دەریدەخەن کە لانیکەم چین، رووسیا، ئەفغانستان و ئەرمینیا، بە تەواوی پابەندی ئەم گەمارۆیە نەبوون و گەشتە بازرگانی و نەفەرهەڵگرەکانیان لەگەڵ ئێران بەردەوامە.
گەمارۆکەی ئەمریکا کام کۆمپانیایانە دەگرێتەوە؟
گەمارۆ نوێیەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێگەی وەزارەتی گەنجینەوە جێبەجێ دەکرێن.
رۆژی 8ی ئەیلوولی 2026، وەزارەتەکە ئاماژە بەوە کرد: "هەموو کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران ئامانجە و هیچ جیاکارییەک لەنێوان فڕۆکەی حکومی و کەرتی بەناو تایبەت ناکرێت". لە سەرووی هەموویانەوە، هێڵی فڕۆکەوانیی نیشتمانیی ئێران ناسراو بە ئێران ئێیەر و گەورە کۆمپانیای ماهان ئێیەر وەک دوو کۆڵەکەی سەرەکیی گواستنەوەی سەربازی دەستنیشان کراون.
هاوکات سەرجەم کۆمپانیا بازرگانییەکانی دیکەی وەک کاسپین، میعراج، تابان، کیش ئێیەر و کۆمپانیا ناوخۆیی و ناوچەییە بچووکەکانیش خراونەتە نێو ئەم بازنەیەوە کە ژمارەیان 27 کۆمپانیایە.
بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکانی گەنجینەی ئەمریکا لە مانگی ئاب و ئەیلوولی 2026، "تاران تۆڕێکی ئاڵۆزی لە کۆمپانیاکان کە ئەمریکا بە کۆمپانیای رووکەش ناویان دەبات لە ئەورووپا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیا دروستکردووە کە بە ناوی بازرگانیی گشتی، تەکنەلۆجیا و لۆجستی کار دەکەن بۆ کڕینی پارچەی یەدەگی فڕۆکەی دروستکراوی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا و دواتر لە رێگەی قاچاخەوە رەوانەی ئێرانیان دەکەن".
بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، "بەم گەمارۆیە دەمانەوێ سەرچاوەی دەستڕاگەیشتنی تاران بە پارچەی یەدەگی فڕۆکەی مەدەنی و تەکنەلۆجیای دووئامانجە نەهێڵین، شادەماری گواستنەوەی سەربازیی فەیلەقی قودس لەنێوان پایتەختەکان پەکبخەین، هەناردە و هاوردەکردنی درۆن و مووشەکی بالیستی رابگرین و رێگری لە گواستنەوەی زێڕ و دراوی بیانی بکەین کە ئێران لە رێگەی ئەم هێڵە ئاسمانییانەوە بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان بەکاریان دەهێنێت".
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجیی کۆتاییان ئەوەیە کە کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران لە رووی فڕین و کارپێکردنەوە لەکاربخەن و هیچ دەرچەیەکی پەیوەندیی ئاسمانیی بۆ دەربازبوون لە گەمارۆکانیان بۆ سەر ئەو وڵاتە نەمێننەوە.
وردەکاری بڕیارەکە و چۆنیەتی جێبەجێکردن
جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە تەنیا بریتی نییە لە قەدەخەکردنی نیشتنەوەی فڕۆکە لە فڕۆکەخانەکانی ئەمریکا، بەڵکو میکانیزمی چاودێریی سزا جێبەجێ دەکرێ .
بەپێی بەڵگەنامەی وەزارەتی گەنجینە، بانکەکان و دەزگا داراییەکان لە 8ی ئەیلوولی 2026ەوە فەرمانیان پێکراوە هەر چالاکییەکی گوماناوی پەیوەندیدار بە فڕۆکەوانیی بازرگانیی ئێران بە کۆدی "FIN-2026-IRANAIR" تۆمار بکەن و مامەڵەکانیان سڕ بکەن.
ئەمەش وادەکات هەر کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاریی فڕۆکەخانە کە سووتەمەنی بداتە فڕۆکەیەکی ئێرانی یان کارمەندان کە جانتا داببەزێنن، یان تەنانەت سیستمەکانی فرۆشتنی تکت وەک ئەمادیوس و سەیبە ئەگەر خزمەتگوزاری بە فڕۆکە ئێرانییەکان بدەن، راستەوخۆ دەخرێنە لیستی رەشەوە.
هەروەها بڕیارەکە چاودێریی وردی تۆمارکردنی ناوی فڕۆکەکان و خاوەندارێتییان دەکات بۆ رێگریکردن لە ویستی ئێران بۆ کڕینی فڕۆکەی کۆن.
نووسینگەی چاودێریی سەروەت و سامانی بیانی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پێکەوە چاودێریی داتاکانی فڕین، کۆدەکانی گەشت و سێرڤەرەکانی دابەشکردنی تیکت دەکەن، بۆ ئەوەی هەر کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی سەرپێچی بکات، دەستبەجێ لە بازاڕەکانی ئەمریکا دەربکرێ و رووبەڕووی سزای قورسی ملیۆنان دۆلاری ببێتەوە.
راگرتنی بەشی زۆری گەشتە نێودەوڵەتییەکان
بە گوێرەی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە دوای 23ی ئەیلوولەوە بڕیارەکەیان بووەتە هۆی راگرتن، هەڵوەشاندنەوە یان دواخستنی 80٪ بۆ 90٪ی سەرجەم گەشتە نێودەوڵەتییەکانی ئێران.
راپۆرتە مەیدانییەکان و داتاکانی پێگەکانی فلایت رادار24 و سیستمی بڕینی تیکتی فڕۆکەوانی دەریدەخەن کە هێڵی ئاسمانیی ئێران بە تەواوەتی رانەوەستاوە. گەشتەکان لە ئەورووپا، کیشوەری ئەمریکای باکوور و باشوور و کیشوەری ئەفریقاوە بە تەواوەتی بۆ ئێران و لە ئێرانیشەوە بۆ ئەو ناوچانە هەڵپەسێردراون. زۆربەی هێڵە نێودەوڵەتییە گەورەکان وەک لوفتهانزا و هێڵی ئاسمانیی نەمسایی سەرجەم خزمەتگوزارییەکانیان بۆ تاران هەڵوەشاندوەتەوە.
لە ئاستی ناوچەکەیشدا، ئیمارات سەرجەم گەشتەکانی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێرانی بۆ دووبەی و ئەبووزەبی راگرتووە. فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە نەجەف، بەغدا، هەولێر و سلێمانی گەشتەکانیان لەگەڵ تاران هەڵپەساردووە بۆ دوورکەوتنەوە لە سزاکانی ئەمریکا. وڵاتانی وەک عومان، ئازەربایجان، جۆرجیا و تورکمەنستان ئاسمانی خۆیان بەڕووی فڕۆکە ئێرانییەکاندا داخستووە.
لەگەڵ ئەوەیشدا، داتاکانی ئەمڕۆ هەینی 25ی ئەیلوولی 2026 پشتڕاستی دەکەنەوە کە گەشتە راستەوخۆکان لە نێوان تاران و پەکین لە رێگەی فڕۆکەی هێڵی ماهان ئێیەر ئەنجام دەدرێن، هەروەها گەشتەکان لەگەڵ رووسیا (فڕۆکەخانەی شێرمێتیێڤۆی مۆسکۆ لە رێگەی ئایرۆفلۆت و ئێران ئێیەر)، ئەرمینیا (فڕۆکەخانەی یەریڤان) و ئەفغانستان (فڕۆکەخانەی کابول لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی کام ئێیەر و ماهان) بەردەوامن و تکتەکانیان بۆ ئەمڕۆ و رۆژانی داهاتوو لەسەر سیستمی ئۆنلاین بەردەستن.
جێبەجێنەکردنی بڕیارەکە لەلایەن چین، رووسیا، ئەفغانستان و ئەرمینیا
چین لە پێشەنگی ئەم وڵاتانەیە؛ داتاکانی چاودێریی ئاسمانی ئەمڕۆ هەینی دەریدەخەن کە هێڵەکانی ئێران بە بەردەوامی گەشتی تاران بۆ پەکین و گوانگژۆ ئەنجام دەدەن و کۆمپانیاکانی چین سووتەمەنی و خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکەن و هیچ دەستبەرداربوونێک لە گەشتەکان نابینرێت.
رووسیا، کە خۆی لە ژێر سزای قورسی رۆژئاوادایە و بەپێی راپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئەیلوولی 2024ەوە هاوکاریی سەربازیی ئاسمانیی لەگەڵ ئێران هەیە، رۆژانە گەشتی نێوان مۆسکۆ و تاران ئەنجام دەدات و سیستەمی بانکیی میری رووسی بۆ فرۆشتنی تکتەکان لە هەردوو وڵات بەکاردێت.
لە هەمان کاتدا لە ئەفغانستان، دەسەڵاتی تاڵیبان بە تەواوی بڕیارەکەی ئەمریکای رەتکردووەتەوە؛ هێڵی فڕۆکەوانیی کام ئەیری ئەفغانی و هێڵە ئێرانییەکان گەشتی رۆژانەی نێوان مەشهەد-کابول و تاران-کابول بەڕێوەدەبەن و تکتەکانیان بە نەختینە دەفرۆشرێن.
لە ئەرمینیاش، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی زڤارتنۆتس لە یەریڤان کراوەیە لەبەردەم فڕۆکە ئێرانییە بچووکەکان و گەشتەکان ئەمڕۆش تۆمار کراون.
هەڵوێستی تورکیا و فرۆشتنی تیکت لە بازاڕی ناوچەکەدا
دۆخی تورکیا وەک هاوبەشێکی سەرەکیی بازرگانیی ئێران بووەتە جێگەی سەرنجی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، بەو پێیەی تورکیا لە نێوان ترسی سزاکانی ئەمریکا و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیدا یاری دەکات.
هێڵی فڕۆکەوانیی نیشتمانیی تورکیا بە فەرمی پابەندبوونی خۆی بە رێنماییەکان راگەیاندووە و سەرجەم گەشتەکانی بۆ شارەکانی تاران، مەشهەد، تەورێز و شیراز تاوەکو مانگی ئاداری ساڵی 2027 هەڵپەساردووە، تاوەکو پارێزگاری لە بازاڕە گەورەکەی خۆی لە ئەمریکا بکات.
لەگەڵ ئەوەیشدا، بەپێی راپۆرتی ئاژانسی رۆیتەرز لە 24ی ئەیلوولی 2026، هێڵە ئاسمانییە کەم-تێچووەکانی تورکیا و هەندێک هێڵی ناوچەیی وەک پێگاسۆس، بەشێوەیەکی ناڕێک و بۆ هەندێک رێڕەوی سنووردار گەشتەکانیان هێشتووەتەوە.
هەڕەشەکانی تاران: بە ئامانجگرتنی فڕۆکەخانەکانی کەنداو و پەکخستنی گەشتی وڵاتان
لە بەرامبەر ئەم گەمارۆ ئاسمانییەدا، بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بە زمانێکی سەربازی و هەڕەشەئامێز وەڵامی سزاکانی ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێیان داوەتەوە.
موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە لێدوانێکدا هۆشدارییەکی تووندی کرد و گوتی، هەر فڕۆکەخانەیەکی وڵاتانی دراوسێ کە بەشدار بێت لە جێبەجێکردنی گەمارۆکەی واشنتن و رێگری لە فڕۆکە ئێرانییەکان بکات، بە ئامانجی سەربازی دادەنرێ و لە رێگەی هێرشی درۆنی و مووشەکییەوە "لەکار دەخرێ و بەکەڵکی بەکارهێنان نامێنێتەوە".
لە لایەکی دیکەوە محەممەد موخبیر، راوێژکاری باڵای موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی گشتگیرکردنی دۆخەکەی کرد و رایگەیاند: "ئەگەر ئێران نەتوانێت فڕین ئەنجام بدات و خزمەتگوزاریی فڕۆکەخانە لە ناوچەکەدا وەربگرێ، هیچ وڵاتێکی دیکەی ناوچەکەش ئەو دەرفەتەی نابێت و ئاسمانی هەمووان دادەخرێت."

