رووداو دیجیتاڵ
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێ، لە تەنگەی هورمز دەستیان بەسەر دووەمین ژێردەریایی بچووکی بێ سەرنشینی سوپای ئەمریکادا گرتووە، کە بە مەبەستی چاودێری لە ناوچەکەدا بووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ی ئەیلوولی 2026، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "ئەو ژێردەریاییە بێ سەرنشینە کە لە دوورەوە ئاراستە دەکرێ، یەکێکە لە ئامێرە ژێرئاوییە زیرەک و پێشکەوتووەکان لە جۆری ریمۆس 600 و ئێستا بۆ بەدەستهێنانەوەی زانیارییەکان خراوەتە بەر دەستی پسپۆڕان."
سوپای پاسداران ئاماژە بەوەش دەکات، ئامێرەکە بە مەبەستی سیخوڕی لە تەنگەی هورمزدا جووڵەی کردووە، بەڵام لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە لایەن هێزی دەریایی سوپای پاسداراندا دەستی بەسەردا گیراوە.
هێزی دەریایی سوپای پاسداران هەروەها ڤیدیۆیەکی ئەو ژێردەریاییە بچووکە و ساتی دەرهێنانی لە ئاوەکانی تەنگەی هورمز بڵاوکردووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، سوپای پاسدارانی ئێران جەختی لەسەر داخرانی تەنگەی هورمز کردووەتەوە و رایگەیاندووە: "هێزی دەریایی سوپای پاسداران بە بڕیاربەدەستییەوە رادەگەیەنێت کە تەنگەی هورمز داخراوە، و بە هەموو توانا و بەبێ وچان رووبەڕووی جووڵە مەترسیدارەکان و هاتووچۆکردن لە رێڕەوە نایاسایییەکانی تەنگەی هورمزدا دەبینەوە."
سوپای پاسدارانی ئێران لە 8ی ئەیلوولی 2026یشدا هەواڵی "دەست بەسەرداگرتنی" ژێردەریایییەکی دیکەی بچووکی بێ سەرنشینی ئەمریکای راگەیاندبوو. ئەو کات، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا سێنتکۆم هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "ئەم ئامێرە لە کاتی گەڕاندا لە ئاوەکانی ناوچەکەدا تووشی کێشەی تەکنیکی ببوو."
ریمۆس 600، ئامێرێکی ژێرئاوی خۆگەڕی پێشکەوتووە کە لە چەند بەشێکی جیاواز پێکهاتووە و بۆ مەبەستی بەرگری، توێژینەوە و بازرگانی دروست کراوە و تاوەکو قووڵایی 600 مەتر بڕوات.
ئەو ئامێرە رۆبۆتێکی ژێر دەریایییە کە بەبێ ئەوەی پێویستی بە کۆنترۆڵکردنی راستەوخۆ لە لایەن مرۆڤەوە بێت یان بەبێ ئەوەی پێویستی بە بەستنی بە کەشتییەکەوە هەبێ، ئەرکەکانی خۆی بە شێوەیەکی تەواو سەربەخۆ و لەسەر بنەمای بەرنامەڕێژی پێشوەختە ئەنجام دەدات.



