رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا ئەمریکا دڵخۆشە بە سەرکەوتنی سزاکانی لە دژی کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران، تاران دەڵێت هێشتا گەشتەکانی بۆ نزیکەی 30 وڵاتی جیهان بەردەوامن. لێرەدا بە کورتی دۆخەکە دەخەینەڕوو:
سزاکان چین و ئەمریکا چی کردووە؟
لە سەرەتای مانگی ئەیلوولدا، ئەمریکا سزای بەسەر تەواوی کەرتی فڕۆکەوانیی ئێراندا سەپاند، بە مەبەستی ئەوەی لە رووی ئابوورییەوە تاران گۆشەگیر بکات.
واشنتن تاوەکو 23ـی ئەیلوول مۆڵەتی دابووە فڕۆکەخانە و کۆمپانیاکانی جیهان و هۆشداری دابوو: "ئەگەر فڕۆکەی ئێرانی لە فڕۆکەخانەکانتان بنیشێتەوە و سووتەمەنی، خزمەتگوزاری یان تکتی پێ بفرۆشن، ئەوا سزاتان دەدەین و ناهێڵین لە مامەڵەکانتاندا دۆلاری ئەمریکی بەکاربهێنن."
لە بەرامبەردا، ئێران ئەم هەنگاوەی بە نایاسایی زانی و لە دادگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵای تۆمارکرد.
کاریگەریی سزاکان؛ گەشتەکانی تاران بۆ نیوە کەمییان کردووە
بەپێی ماڵپەڕی بەناوبانگی بەدواداچوونی فڕۆکەوانی Flightradar24:
رۆژی یەکشەممە تەنیا 41 گەشت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی تاران کراون؛ لە کاتێکدا پێش سزاکان رۆژانە 80 بۆ 90 گەشت هەبوون، ئەمەش واتە گەشتەکان بۆ نیوە دابەزیون.
- هەردوو گەورە کۆمپانیای ئێرانی (ئێران ئێیەر و ماهان ئێیەر) زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
- هەرچەندە ئەمریکا دەڵێت، زیاتر لە 80%ـی فڕۆکەکانی ئێران راگیراون، بەڵام بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی تاران دەڵێت هێشتا گەشت بۆ زیاتر لە 30 وڵاتی جیهان بەردەوامن.
کام وڵاتانە پابەندی سزاکانی ئەمریکا نەبوون؟
- چین و رووسیا: بە تەواوی سزاکانی ئەمریکایان رەتکردووەتەوە؛ گەشتەکانی کۆمپانیای ماهان ئێیەر بۆ فڕۆکەخانەکانی چین بەردەوامن و گەشت بۆ رووسیا و پاکستانیش نەوەستاون.
- تورکیا: کۆمپانیای ماهان بە داوای ئەنقەرە گەشتەکانی راگرتووە، بەڵام کۆمپانیای ئێران ئێیەر هێشتا رۆژانە گەشتی بۆ ئیستەنبووڵ هەیە.
- وڵاتانی دیکە: ئەرمینیا، ئەفغانستان، بێلارووس و مالیزیا هێشتا سزاکانیان جێبەجێ نەکردووە و فڕۆکە ئێرانییەکان بۆ ئەو وڵاتانە دەفڕن.
وڵاتانی دیکە چییان کردووە؟
- ئیمارات: سەرجەم گەشتەکانی ئێرانی "تاوەکو کاتێکی نادیار" راگرتووە، کە ئەمە گورزێکی گەورەیە بۆ گەشتیارانی ئێران، چونکە دوبەی دەروازەی سەرەکییان بوو بۆ ئەورووپا و جیهان.
- کوێت، ئازەربایجان و جۆرجیا: بە هەمانشێوە گەشتەکانیان لەگەڵ ئێران راگرتووە.
هەوڵەکانی عێراق بۆ بەدەستهێنانی چاوپۆشی
حکومەتی عێراق رایگەیاندووە، لەگەڵ ئەمریکا لە گفتوگۆدایە تاوەکو لەم سزایانە ببەخشرێت، چونکە راگرتنی گەشتەکان کێشەی بۆ هاووڵاتییان دروستکردووە.
نووسینگەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیامد داوای بەخشینیان کردووە "لەبەر هۆکاری مرۆیی، وەک چارەسەری پزیشکی، خوێندنی قوتابیان، سەردانی ئایینی و لە پێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی سڤیلدا."
رۆژانە بە هەزاران هاووڵاتیی عێراقی بۆ سەردانی مەزارگە پیرۆزەکان، چارەسەری نەخۆشی و خوێندن لە زانکۆکان، بە فڕۆکە سەردانی ئێران دەکەن و بە پێچەوانەشەوە.



