رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئەو وڵاتە و عێراق دەکەن؛ ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ سزاکانی واشنتن بۆ سەر کەرتی فڕۆکەوانیی تاران.
ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2026، مەجید ئەیخوان، گوتەبێژی رێکخراوی فڕۆکەوانیی ئێران بە فەرمی هەواڵی بەشێک لە میدیاکانی لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان رەتکردەوە و رایگەیاند: "دەستپێکردنەوەی گەشتەکان لە نێوان ئێران و عێراق، بەتایبەت بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف، بە تەواوی دوورە لە راستییەوە و هیچ گەشتێک نەکراوەتەوە."
راگرتنی ئەم گەشتانە لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (سی ئێن بی سی)ـی ئەمریکی، هۆشداریی تووندی دایە فڕۆکەخانە و هێڵە ئاسمانییە جیهانییەکان لە پێشکەشکردنی هەر جۆرە خزمەتگوزارییەک بە فڕۆکەکانی تاران و گوتی: "لە 23ـی ئەیلوولەوە هەموو هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران لە سەرانسەری جیهاندا دادەخرێن."
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، هەر فڕۆکەخانەیەک سووتەمەنی، خزمەتگوزاریی نیشتنەوە یاخود بلیت بۆ هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران دابین بکات، دەستبەجێ سزای بەسەردا دەسەپێندرێت و لە سیستەمی دارایی دۆلاری ئەمریکی بێبەش دەکرێت.
ئەم گەمارۆیە ئاسمانییە تووندە بەشێکە لە لێکەوتەکانی گرژی و ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کە لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە، بەتایبەت دوای هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی ئێران، کە کوژرانی ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی ئەو وڵاتەی لێکەوتەوە.



