رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە گفتوگۆیان لەگەڵ ئێران کردووە و دڵنیاییش دەدات، وڵاتەکەی لەم پرسەدا بە خێرایی سەردەکەوێت. هاوکات رەخنەی تووندی لە بەریتانیا گرت بەهۆی ئازادکردنی چەند گومانلێکراوێک و رەتیکردەوە پێشنیازی فرۆشتنی چەکی بە چین کردبێت.
رۆژی سێشەممە 29-09-2026 دۆناڵد ترەمپ پشتڕاستی کردەوە، تیمەکەی لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە لەگەڵ ئێران لە گفتوگۆدان. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، نایەوێت زانیاریی ورد و دیاریکراو لەسەر پێشکەوتنی گفتوگۆکان ئاشکرا بکات، بەڵام گوتی، ئەمریکا لەو پرسەدا "زۆر بە خێرایی" سەردەکەوێت و گوتی: "بەڕای من، بە شێوازێک لە شێوازەکان هەر دەبێت سەرکەوین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و سەبارەت بە دەستگیرکردن و ئازادکردنی پێنج گومانلێکراو لە بەریتانیا، کە گومان دەکرێت پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەبێت، ترەمپ رەخنەی تووندی لە بڕیاری ئازادکردنیان بە "کەفالەتی بێ پارە" گرت.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "لەوانەیە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەبێت، وەڵامەکە دەزانم و دەتوانم زۆر دیاریکراو بم، بەڵام پێم باشترە نەیڵێم." هەروەها سەرسوڕمانی خۆی لە بڕیارەکەی بەریتانیا نیشاندا و رایگەیاند، ئەگەر ئەو بڕیاردەر بووایە، سەرەڕای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی بەریتانیا زۆر بە نزیکی لەگەڵیان کاریان کردووە، بەڵام هەرگیز ئەو گومانلێکراوانەی ئازاد نەدەکرد.
ئەو پێنج گومانلێکراوە لە نزیک بنکەی فێرفۆردی ئەمریکا لە باشووری ئینگلتەرا دەستگیرکران، دوای ئەوەی ژنێک ئەوانی لە نێو سێ ڤان بە دەمامکەوە بینیبوو بەرەو بنکەکە دەڕۆیشتن. پۆلیسی بەریتانیا سەرەتا رایگەیاند، پیلانێکی تیرۆریستی لەئارادا بووە.
سەبارەت بە دەنگۆی فرۆشتنی چەک بە پەکین، ترەمپ ئەو قسانەی رەتکردەوە کە گوایە پێشنیازی فرۆشتنی کەرەستەی سەربازیی ئەمریکی بۆ شی جینپینگ، سەرۆکی چین کردبێت.
ترەمپ رایگەیاند، هەرگیز شتی لەو شێوەیەی نەبیستووە و پێی وایە باڵیۆزەکە مەبەستی فرۆشتنی چەک بووە بە تایوان نەک چین. بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد، بەو پێیەی ئەمریکا کەرەستەی باشتر لە چین دروست دەکات، رەنگە کڕینی چەکی ئەمریکی بیرۆکەیەکی باش بێت بۆیان، سەرەڕای ئەوەی تاوەکو ئێستا باسی شتی لەو شێوەیەیان نەکردووە.


