رووداو دیجیتاڵ
خەسووی رێبەری ئێران دەڵێت، موجتەبا خامنەیی لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی باوکیدا لە مەشهەد بەشدار بووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''تەندروستییەکەی تەواو جێگیر بوو''.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 01-10-2026، تەیبە ماهرووزادە، خەسووی موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، موجتەبا لەکاتی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی باوکیدا لە مەزارگەی ئیمام رەزا لە مەشهەد ئامادە بووە.
سەرەڕای ئەوەی باس لەوە دەکرا کە لەکاتی هێرشەکەی 28ـی شوباتدا بۆ سەر تاران موجتەبا خامنەییش بریندار بووە، تەیبە ماهرووزادە گوتی، تەندروستیی جێگیرە.
ماهرووزادە گوتیشی: ''شەوی بەخاکسپاردنی رێبەری شەهید ]موجتەبا خامنەیی] بینیم، بەشداری کرد و سوپاس بۆ خودا ئەوکاتیش تەندروستی جێگیر بوو''.
موجتەبا خامنەیی لە 8ـی ئازاری 2026ـدا وەکو رێبەر هەڵبژێردرا، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وێنەیەکی نوێ، پەیامی دەنگی یان ڤیدیۆیی بڵاونەکراوەتەوە. تەنانەت ئەوە یەکەم جارە باس لەوە دەکرێ کە لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی باوکیدا ئامادە بووە.
لایەنە ئەمنییەکان و میدیای ئێران دەرنەکەوتنی موجتەبا خامنەیی بۆ هۆکاری ئەمنی دەگەڕێننەوە و دەڵێن ئیسرائیل و ئەمریکا هەوڵی دۆزینەوەی دەدەن، بۆ ئەوەی هاوشێوەی باوکی تیرۆر بکرێ.
عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران، لە 28ی شوباتی 2026 و لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی جەنگی ئێران، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کوژرا.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرنامەیەکی یەک هەفتەیییان بۆ "ماڵئاوایی، بەڕێکردن و بەخاکسپاردنی" تەرمی عەلی خامنەیی دانابوو.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 3ی تەمموزی 2026، تەرمی عەلی خامنەیی بۆ مزگەوتی گەورەی تاران (موسەڵلای تاران) گوێزرایەوە و شاندە بیانییەکان بەشداریان لە رێوڕەسمەکەدا کرد. دواتر لە رۆژانی شەممە تاوەکو دووشەممە، لە تاران، رۆژی سێشەممە لە قوم و رۆژی چوارشەممەش لە نەجەف و کەربەلا لە عێراق، رێوڕەسمەکانی تایبەت بە ماڵئاوایی لە تەرمی خامنەیی بەڕێوەچوون، پاشان لە مەشهەد بەخاکسپێریدرا.


