رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، ئێران لە گفتوگۆ و دانوستاندن هەڵنەهاتووە. جەختیشی کردەوە، "دەبێت ئەمریکا ئەو خەیاڵە لە مێشکی خۆی دەربکات کە بە تیرۆر و کوشتن چۆکمان پێدادەدات". پزیشکیان ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتن لە رێگەی سەپاندنی گەمارۆکانەوە بەدوای دروستکردنی قەیرانەوەیە بۆ ئێران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ی تشرینی یەکەمی 2026، مەسعود پزیشکیان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ خاوەنکاران و چالاکڤانانی ئابووری لە تاران رایگەیاند، سەرەڕای گەمارۆ و سنووردارکردنی دەریایی، حکومەتەکەی هەوڵ دەدات بەربەستەکان لابدات تاوەکو هەناردە، هاوردە و ئاڵوگۆڕە ئابوورییەکان لە رێگەی سنوورە وشکانییەکانەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ گەشەی پێبدرێت.
پزیشکیان گوتی: "بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەین کە دیپلۆماسیی ئابووری بەهێز بکەین؛ لەبەر ئەوەش ئاستی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ زیادیکردووە. زۆربەی بەربەستەکانمان لاداوە تاوەکو سەرەڕای سنووردارکردنی دەریایی، رێگەی هەناردە و هاوردە و مامەڵەی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی وەک پاکستان، عێراق، تورکمانستان و ئازەربایجان لە سنوورە وشکانییەکانەوە فراوانتر بێت."
سەرۆککۆماری ئێران داکۆکی لە پرۆسەی گفتوگۆ و دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە کرد و بە ئاماژەدان بە ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەکە، رایگەیاند کە ئێران "لە گفتوگۆ هەڵنەهاتووە و هەڵنایێت."
پزیشکیان لەمبارەیەوە گوتی: "ئەمریکییەکان و ئەوروپییەکان پێشبینییان نەدەکرد بەهۆی دۆخی جەنگەوە بتوانین وڵات لە نێو حکومەتدا بەڕێوەببەین. ئێمە بە پاراستنی شکۆ و سەربەرزی، بەرگری لە مافەکانی کۆمەڵگەکەمان دەکەین و هیچ کاتێک لە گفتوگۆ هەڵنەهاتووین و هەڵنایەین، هەرچەندە ئەمریکا سێ جار سەرەڕای واژۆکردنی رێککەوتنامەکە، وڵاتەکەمانی کردە ئامانج."
گوتیشی: "دەبێت ئەمریکا ئەو خەیاڵە لە مێشکی خۆی دەربکات کە بە تیرۆر و شەهیدکردن چۆکمان پێدادەدات."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پزیشکیان روونیکردەوە: "ئەمریکا و رژێمی زایۆنی بەدوای لەناوبردنی ئێرانەوە بوون، بەڵام کاتێک رووبەڕووی بەرگریی هەمەلایەنەی خەڵک، بەرپرسان و هێزە چەکدارەکانمان بوونەوە، هاوکێشەکانیان تێکچوو. دوژمنان وایان دەزانی بە شەهیدبوونی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی، خەڵک، فەرماندەکان و زانایان، وڵات تووشی داڕووخان دەبێت، بەڵام یەکڕیزی و هاوئاهەنگیی نیشتمانی و ناوخۆییمان زیادی کرد."
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بە کێشە ئابوورییەکان و ناهاوسەنگیی وزە لە وڵاتەکەیدا کرد و گوتی، حکومەت بەدوای لادانی بەربەستەکانی بەردەم چالاکیی کار و کاسبی و بەرهەمهێنەرانەوەیە، جەختیشی کردەوە کە بڕیارە ئابوورییەکان دەبێت بەپێی ئاستی "بەرگەی کۆمەڵایەتی" بدرێن.
مەسعود پزیشکیان گوتی: "پێویستە تەواوی بڕیار و سیاسەتەکانی حوکمڕانیی ئابووری پاشکۆی کۆمەڵایەتییان هەبێت، چونکە رێگاچارە تیۆرییەکان رەنگە لەگەڵ دۆخ و راستییە کۆمەڵایەتییەکاندا نەگونجێن. نەکات بڕیارە ئابوورییەکان و ئەو دەستێوەردانانەی دەکرێن، لە دەرەوەی توانای بەرگەی کۆمەڵگە بن، چونکە زیان بە خۆمان دەگەیەنێت."



