رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بارانبارین بەشێک لە شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە. لە گوڵستانی باکووری ئێران دوو کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستدا و لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش هۆشداریی بارانێکی بەهێز دەدرێ.
دوێنێ شەممە 3ی تشرینی یەکەمی 2026، شەپۆلێکی بارانبارین رووی لە شارەکانی باکووری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و بەهۆیەوە لافاو لە چەند شارێک دروستبوو.
بەپێی ئەو گرتەڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، لە پارێزگای ئەلبورز، بەتایبەتی ناوچەی عەزیمییەی کەرەج، لافاو زیانی بە ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێل و خانووبەرە گەیاندووە.
محەممەدڕەزا فەلاحنەژاد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیران و دۆخی لەناکاوی پارێزگاکە رایگەیاند: ''پێنج کرێکاری سەر بە شارەوانی و 11 شاخەوان بەهۆی لافاوەوە گیریان خواردبوو، کە سەرجەمیان لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی و مانگی سوورەوە، رزگار کران''.
دوێنێ بەشێک لە رێگە سەرەکییەکانی پارێزگای ئەلبورز بەهۆی پاشماوەی لافاوەوە داخران، بەڵام داریوش باقرجەوان، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی پارێزگاکە دەڵێت، دەستبەجێ لەلایەن تیمەکانیانەوە رێگە سەرەکییەکان کراونەتەوە و ئێستا هاتووچۆ ئاسایی بووەتەوە.
هاوکات لە پارێزگای گوڵستانی باکووری ئێرانیش دۆخەکە قورستر بوو و لافاو شارەکانی مەراوەتەپە، کوڵاڵە، گونبەدی کاووس و عەلیئابادکوتووڵی گرتەوە.
مورتەزا سەلیمی، بەڕێوەبەری مانگی سووری گوڵستان بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، بەهۆی لافاوەکەوە، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بێسەروشوێنە کە گەڕان بەدوایدا بەردەوامە.
تاوەکو ئێستا قەبارەی وردی زیانە مادییەکان لەو دوو پارێزگایە رانەگەیێندراون.
رۆژهەڵاتی کوردستان
هاوشێوەی شارەکانی باکووری ئێران، بارانبارین لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش بەردەوام بوو. بەگوتەی عەلی محەممەد زوورئاوەند، بەڕێوەبەری کەشناسیی پارێزگای کرماشان، دووبارە لە بەیانیی رۆژی دووشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین پارێزگاکە دەگرێتەوە و تاوەکو ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.
وەک عەلی محەممەد زوورئاوەند دەڵێت، ئەگەری روودانی لافاو لە ناوچە جیاجیاکانی کرماشان بەهێزە و لەم چوار رۆژەدا، بەردەوام لە ناوچە شاخاوییەکان هەورە برووسکە دەبێت.
لە پارێزگای ئیلامیش پێشبینیی بارانبارینێکی بەهێز لە چەند رۆژی داهاتوودا دەکرێ و ساسان رۆستەمی، شارەزای کەشناسی رایگەیاندووە: ''سەرەڕای هەبوونی بای بەهێز، ئەگەری دروستبوونی لافاو لە چەند ناوچەیەکی ئیلام، بەتایبەتی ناوچە شاخاوییەکان هەیە''.
هاوکات شەپۆلی بارانبارین و تەرزە لە لوڕستانیش بەهێز بوو. بەتایبەتی لە شارەکانی خوڕەماوا، کۆیەشت و پۆلدۆختەری سەر بە پارێزگاکە.
بەپێی ئەو گرتەڤیدیۆیانەی میدیای ئێران بڵاوی کردوونەتەوە، ئاستی ئاوی بەنداوی (چولهول) لە پۆلدۆختەری لوڕستان بەرزبووەتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی یان مادی نەبووە.
بەگوێرەی کەشناسیی ئێران، لە بەشێک لە ناوچەکانی پارێزگاکانی ورمێ و سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بارانبارین بەردەوامە، بەڵام دۆخەکە ئاساییە و هۆشداری لە ئەگەری دروستبوونی لافاو نەدراوە.
ئەوە لەکاتێکدایە کەشانسیی پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام هۆشداری دەدەنە هاونیشتمانییان، بە هیچ شێوەیەک لە چەم، رووبار و رێڕەوە ئاوییەکان نزیک نەبنەوە و ئەگەر کاری ''زۆر پێویست''ـیان نەبێت، بە ناوچە شاخاوییەکاندا هاتووچۆ نەکەن.



