رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی یەکشەممە 4ی تشرینی یەکەم رایگەیاند، شەڕی ئەمریکا دژی وڵاتەکەی هیچ "چارەسەرێکی سەربازی" نییە، ئەوەش لە کاتێکدایە گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان بۆ راگرتنی جەنگ گەیشتوونەتە بنبەست.
دوای ئەوەی هێرشە ئاسمانییە قورسەکان نەیانتوانی کۆتایی بەو جەنگە بهێنن کە لە مانگی شوباتەوە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەستیپێکرد، لە چەند هەفتەی رابردوودا واشنتن زیاتر رووی لە سەپاندنی گوشاری ئابووری کردووە.
عێراقچی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ باڵیۆزانی بیانی لە تاران گوتی: "ئەگەر دووژمنەکانمان جارێکی دیکە رێگەی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی هەڵبژێرنەوە، وەڵاممان زۆر لە جاران بەهێزتر دەبێت؛ ئەم کێشەیە بە هێزی سەربازی یان سزای نوێ چارەسەر نابێت، بەڵکو تەنیا دانوستاندن لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی دەتوانێت کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت."
گرێکوێرەی سەرەکی؛ تەنگەی هورمز
خاڵی سەرەکیی ناکۆکیی نێوان تاران و واشنتن بریتییە لە داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، کە رێڕەوی سەرەکیی نەوت و گازی جیهانە.
رۆژی یەکشەممە، دەزگای ئاسایشی دەریایی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند، نەوتهەڵگرێک لە نێو تەنگەی هورمزدا بە "کەرەستەیەکی نەزانراو" پێکراوە و ژووری بزوێنەرەکەی زیانی بەرکەوتووە، بەڵام کارمەندەکانی سەلامەتن.
هەر کەشتییەک بەبێ مۆڵەت تێپەڕێت، ئێران دەیکاتە ئامانج، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران.
هەفتەی پێشوو لە نیویۆرک، ئێران لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە حەوت مەرجی بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز خستەڕوو، لەوانە: راگەیاندنی ئاگربەست لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی لە دەرەوە، لابردنی سزاکانی سەر کەرتی نەوت و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی.
دۆناڵد ترەمپ پێشنیازەکەی ئێرانی رەتکردەوە، بەڵام دەرگاشی بۆ گفتوگۆی زیاتر دانەخست.
کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، ئەمریکییەکان بۆچوونی نوێی خۆیان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە ناردووە و ئێستا لە تاران لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت؛ غەریبئابادی گوتی: "ئێران لە هەمان کاتدا خۆی بۆ هەموو سیناریۆیەکی دیکەش ئامادە دەکات."
هاوکات ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوە کرد، ئەمریکا دەیەوێت تەنیا باس لە پرسی ئەتۆمی بکات، بەڵام تاران تەواوی سەرنجی لەسەر دۆسیەی تەنگەی هورمز و هەڵگرتنی سزاکانە.
ئامادەکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا
هەرچەندە ئەمریکا لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە هێرشی راستەوخۆی نەکردووەتە سەر ئێران، بەڵام بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، واشنتن خەریکی بەهێزکردنی سوپاکەیەتی لە ناوچەکەدا.
سیستمی مووشەکیی پاتریۆتی لە سعودیە و قەتەر جێگیر کردووە بۆ پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکان لە ئەگەری هێرشی تاران.
کەشتیگەلی فڕۆکەهەڵگری گەورەی تیۆدۆر رۆزڤێڵت رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کراوە تاوەکو پەیوەندی بە دوو کەشتیگەلی دیکەی ئەمریکاوە بکات.
بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ترەمپ کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی جەنگی دژی ئێران و پەرەسەندنی شەڕ لە یەمەن، کە تێیدا چەکدارانی حووسیی نزیک لە تاران بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر سعودیە.



