رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، پار بۆ بەرگریی لە حووسییەکان سوپای وڵاتەکەی باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری و کۆمەڵگەی کۆشکی سەرۆکایەتیی لە دیمەشق کردە ئامانج، هەروەها پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی "تووند و کورت"ی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا ئەنجامداوە بۆ راگرتنی "کوشتار دژی دروز".
رۆژی پێنجشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2026،بنیامین نەتەنیاهوو لە گوتارێکدا لە بەردەم لایەنگرانی پارتەکەی لە دروزەکان و وەکو ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان رایگەیاند: "ئێمە وەزارەتی بەرگریمان لە دیمەشق خاپوور کرد، هەر بەو شێوەیە لەناوچوو؛ هەروەها لە نێو کۆمەڵگەی کۆشکی سەرۆکایەتیمان دا و پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم لەگەڵ شەرع ئەنجامدا. گوتوبێژێکی زۆر کورت و زۆر تووند بوو، دواتریش کۆمەڵکوژییەکە وەستا."
16ی تەممووزی پار، سوپای ئیسرائیل باڵەخانەی کۆشکی سەرۆکایەتیی سووریای لە دیمەشق و وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەی بۆردوومانکرد. ئەو کات یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، بۆردوومانەکە بۆ بەرگرییکردن بووە لە دروزی سووریا کە لە باشووری ئەو وڵاتە دەژین. ئەو کات ناوچە دروزنشینەکانی سووریا لەلایەن چەکدارە دەشتەکییەکانی وڵاتەکەوە هێرشیان دەکرایە سەر.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بە پابەندبوونی خۆی کردەوە بۆ پاراستنی لایەنگران و هاوپەیمانەکانی و گوتی: "من هەموو ئەوەی پێویست بێت دەیکەم بۆ پاراستنی براکانمان، براکانی ئێوە و ئێمە. ئێمە رێگە نادەین کۆمەڵکوژییەکە بەردەوام بێت و دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی خەڵک دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان."
نەتەنیاهوو گوتی، هێشتا هەنگاوی دیکە ماون بنرێن. "هێشتا کاری زیاتر ماوە بکرێت، ناتوانم هەموو وردەکارییەکتان پێ بڵێم، بەڵام ئەم بەڵێن و پابەندییە لە قووڵایی رووحمەوە سەرچاوەی گرتووە."
ژمارەی دانیشتووانی ئیسرائیل 10.2 ملیۆن کەسە و 2٪یان دروزن کە بە زۆری لە باکووری وڵاتەکە دەژین. هەروەها، ژمارەی دانیشتووانی سووریاش نزیکەی 26.5 ملیۆن کەسە و 4٪یان دروزن کە بە زۆری لە باشووری وڵاتەکە دەژین.


