رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی کوێت رۆژی هەینی رایگەیاند، باڵیۆزی ئێرانی لەسەر "بەردەوامیی هێرشەکانی ئێران" بانگهێشت کردووە، دوای ئەوەی دوێنێ هێرشێکی درۆنی بووەهۆی کوژرانی دوو هاووڵاتیی ئیتاڵی، کە یەکەم هێرشی کوشندە بوو لە چەند مانگی رابردوودا بۆ سەر ئەو وڵاتەی کەنداو کرابێ.
وەزارەتەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "باڵیۆز محەممەد تووتونجی، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوێتی بانگهێشت کرد و یاداشتێکی ناڕەزایەتیی پێدا سەبارەت بە بەردەوامیی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر دەوڵەتی کوێت، کە دوایینییان ئەو هێرشە درۆنییە بوو رۆژی پێنجشەممە شوێنێکی هەستیاری لە وڵاتەکە کردە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی دوو هاووڵاتیی ئیتاڵی."
ئەم بانگهێشتکردنە لە کاتێکدایە، بەرپرسانی ئێران رەتیانکردوەتەوە سوپای وڵاتەکەیان هێرشەکەی ئەنجامدابێ.
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ هەریەک لە جەراح جابر ئەحمەد سەباح، هاوتا کوێتییەکەی و ئەنتۆنیۆ تایانی، هاوتا ئیتاڵییەکەی ئەنجامداوە و رەتیکردوەتەوە تاران هێرشەکەی ئەنجام دابێ.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ تایانی، "عێراقچی رایگەیاندووە کە ئێران بە هیچ شێوەیەک هیچ رۆڵ و تێوەگلانێکی لەم رووداوەدا نەبووە."
وەزارەتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەرپرسە باڵا دیپلۆماسییەکەی ئێران راشیگەیاندووە کە تاران ئامادەیە هاوکاری لەگەڵ کوێت و ئیتاڵیا بکات بۆ "دیاریکردنی سەرچاوەی رووداوەکە."


