رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئوردن رایگەیاند، هەوڵێکی دزەکردنی گرووپێکی چەکداری 14 کەسیان لە خاکی سووریاوە بۆ نێو سنوورەکانی شکست پێهێناوە، کە بەهۆیەوە زیانی گیانی بەر گرووپەکە کەوتووە و ئەوانی دیکەش بەرەو قووڵایی خاکی سووریا هەڵاتوون.
رۆژی شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەکی سەربازیی ئوردنی رایگەیاند، پاسەوانانی سنوور ئێوارەی رۆژی هەینی توانیویانە هەوڵی دزەکردنی گرووپێکی چەکداری 14 کەسی پووچەڵ بکەنەوە، کە لە خاکی سووریاوە بەرەو ئوردن دەهاتن.
سەرچاوەکە روونیکردەوە کە گرووپە چەکدارەکە تەقەیان لە سەربازانی ئوردن کردووە، بەڵام پاسەوانانی سنوور بەپێی یاساکانی شەڕکردن دەستبەجێ و بە توندی مامەڵەیان لەگەڵ کردوون؛ ئەمەش بووەتە هۆی گەیاندنی زیانی گیانیی زۆر بە گرووپە چەکدارەکە، هاوکات ئەندامەکانی دیکەی گرووپەکە بەرەو سووریا هەڵاتوون.
سەرچاوە سەربازییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، هێزە چەکدارەکانی ئوردن بە توندی و بەبێ دوودڵی رووبەڕووی هەر هەوڵێکی دزەکردن یان قاچاخچێتی دەبنەوە، و بە "مستێکی پۆڵایین" وەڵامی هەر کەسێک دەدەنەوە کە بیەوێت دەست بۆ ئاسایشی وڵات، هاووڵاتییان و پیرۆزیی سنوورەکان ببات.
ئەم رووبەڕووبوونەوەیە لە کاتێکدایە رۆژی 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، سوپای ئوردن رایگەیاند، وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ هێرشەکەی رۆژی 23ـی تشرینی یەکەم بۆ سەر کەنیسەیەک، چەند پێگەیەکی "گرووپە تیرۆریستییەکان"ـیان لەنێو خاکی سووریا بۆردوومان کردووە. لە بەرامبەردا سووریا رایگەیاند، ئوردن بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی، هیچ هاوئاهەنگییەکی لەگەڵ دیمەشق نەکردووە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) لە زاری بەرپرسێکی تەندروستیی پارێزگای دەرعا لە باشووری ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئوردنەوە بۆ سەر چەند ناوچەیەکی پارێزگاکە، پێنج کەسی سڤیل کوژراون کە ژن و منداڵیان تێدایە. بەڵام سوپای ئوردن گوتی، فڕۆکە جەنگییەکانیان چەندین مۆڵگەی تیرۆریستانیان وێران کردووە و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ئەو گرووپانەیان کوشتووە و بریندار کردووە، کە پەیوەندییان بە هێرشبەرەکانی کەرەکەوە هەبووە.
ئەم پێشهاتانە پەیوەستن بە رووداوەکەی رۆژی 23ـی تشرینی یەکەم، کە تێیدا چەند چەکدارێک لە کاتی پرسەیەکدا، هێرشیان کردە سەر کەنیسەی مار جۆرجیسی یۆنانیی ئۆرسۆدۆکس لە گوندی حەموود لە پارێزگای کەرەک لە باشووری ئوردن و 9 کەسیان کوشت.
لیوا عەبدوڵڵا مەعایتە، بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتیی ئوردن، 26ـی تشرینی یەکەم ناوی هەر سێ تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکەی ئاشکرا کرد کە بریتین لە: هەزاع زێدان محەممەد، مەشعەل زێدان محەممەد و ئەحمەد سامی حوسێن. دوو لە تۆمەتبارەکان بران و ئەوەی دیکەشیان خزمیانە. ئەوان لە ماڵێکی چۆڵکراودا گەمارۆ دران و تەقەیان لە هێزە ئەمنییەکان کرد، بەڵام دواتر بە برینداری دەستگیر کران و دەستیش بەسەر بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنیدا گیرا.
مازن فەرایا، وەزیری ناوخۆی ئوردن رایگەیاند، هێرشبەرەکان سەرجەمیان ئوردنین و هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر هەبوونی پەیوەندیی دەرەکی.
.jpg&w=3840&q=75)

