رووداو دیجیتاڵ
دیوانی باڵای دادوەریی ئێران، سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێکی سەقزی پەسند کرد. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، لە خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکاندا بە تۆمەتی ''تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی'' دەستبەسەر کراوە.
بەگوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کە لەبارەی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چالاکە، رۆژی پێنجشەممە 12-11-2026، دیوانی باڵای دادوەریی ئێران سزای لەسێدارەدانی (ئارمان مەعریفەتی)، تەمەن 38 ساڵ و خەڵکی سەقزی وەک خۆی پەسند کرد.
بەپێی زانیارییەکان، (ئارمان مەعریفەتی) لە خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکەی ئێراندا، لە تاران دەستگیر کراوە کە کۆتایی کانوونی یەکەمی پار دەستیپێکرد.
پێشتر ئەو هاونیشتمانییە لەلایەن لقی 15ـی دادگەی شۆڕشی تاران، بە تۆمەتی ''تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی'' و ''چوونە نێو شوێنە ئایینییەکان بە مەبەستی تێکدان''، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو.
ئارمان مەعریفەتی لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ دوو هاونیشتمانیی دیکەی خەڵکی قوروەی پارێزگای سنە بە ناوەکانی (مێهرداد محەممەدی نیا) و (ئەشکان مالیکی) دادگایی کرابوو، بەڵام سزای سێدارەی ئەو دوو بەندکراوە حوزەیرانی 2026 جێبەجێ کرا و ئارمانیش لە زیندانی تارانەوە گواسترایەوە بۆ زیندانی قزڵحەساری کەرەج.
مەعریفەتی خێزاندار و باوکی دوو منداڵە. بەپێی زانیارییەکان بۆ کارکردن چووەتە تاران و لە عەلوەی تاران سەرقاڵی کرێکاری بووە.
خۆپێشاندانەکانی ئێران کە لە 28-12-2025 دەستیان پێکرد. بەپێی ئاماری ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران ناسراو بە هرانا، 53 هەزار و 552 خۆپێشاندەر لە شارە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکران.
دەسەڵاتی دادی ئێران پێشتر رایگەیاندبوو، بەشێک لەو کەسانەی دەستگیرکراون سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و سزاکانیان بە خێرایی جێبەجێ دەکرێ.
