رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسداران دەڵێ، دوو کەشتیی گواستنەوەی نەوت دوای ئەوەی لە تەنگەى هورمز بەر مینی دەریایی کەوتوون، تەقیونەتەوە و گڕیان گرتووە.
هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا کە بەرەبەیانی رۆژی شەممە لە میدیای ئێران بڵاوکرایەوە، گوتی: "ئەم بەیانییە دوو کەشتیی گواستنەوەی نەوت کە سیستمی رادار و دیاریکردنی شوێنپێیان کوژاندبووەوە و بە نهێنی هەوڵیان دەدا لە رێڕۆیەکی رێگەپێنەدراوەوە بە تەنگەى هورمزدا تێپەڕن، دوای بەرکەوتنیان بە مینی دەریایی تەقینەوە و گڕیان گرت."
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداراندا ناو، خاوەن یان ئاڵای هەڵکراوی وڵاتی ئەو دوو کەشتییە ئاشکرانەکراوە. تاوەکو ئێستاش لایەنە دەریاییە سەربەخۆکان رووداوەکە و قەبارەی زیانەکانیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی سوپای پاسداران گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا دووکەڵێکی چڕ لە کەشتییەک بەرزدەبووەوە کە بە گوتەی لایەنی ئێرانی، گازی شلی هەڵگرتبوو و لە باشووری تەنگەى هورمز بەر مین کەوتبوو.
دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026ـەوە، تاران مەرجی تووندی بۆ تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەى هورمز داناوە و داوا دەکات هەموو کەشتییەک پێشوەختە رەزامەندیی ناوەندی کۆنترۆڵی دەریایی ئێران وەربگرێ، بەپێچەوانەوە دەکرێ بکرێتە ئامانج. لە بەرامبەریشدا واشنتن گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ پاراستن و یاوەریکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لەو رێڕەوەدا ئەنجام دەدات.
تەنگەى هورمز یەکێکە لە گرنگترین شادەمارەکانی وزە لە جیهان و لە دۆخی ئاساییدا نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهان بەو رێڕۆیەدا تێدەپەڕێ. لە هەفتەکانی رابردوودا هێزە چەکدارەکانی ئێران چەندین رووداوی هاوشێوەی ئاگرکەوتنەوە و تەقینەوەی کەشتییان بەهۆی مینی دەریاییەوە راگەیاندووە، لە کاتێکدا سوپای ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە رێڕۆ سەرەکییەکانی گەرووەکەی لە مین پاککردووەتەوە.

