رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئێران دەڵێت، لە تەنگەی هورمز مین بە نەوتهەڵگرێکی ''سەرپێچیکار''ـدا تەقیوەتەوە و ئاگری گرتووە. ئاماژە بەوەش دەکات، دوێنێ بەگشتی چوار نەوتهەڵگر لە رێڕۆ ئاوییەکەدا تەقیونەتەوە.
درەنگی شەوی پێنجشەممە 19-11-2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران (ئەرتەش) پشتڕاستی کردەوە، بەهۆی تەقینەوەی مین لە رۆژهەڵاتی تەنگەی هورمز، نەوتهەڵگرێکی دیکە گڕی گرتووە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی سوپای ئێران، کەشتییەکە سیستمی رێدۆزی (جی پی ئێس) خۆی کوژاندووەتەوە، بۆ ئەوەی بەبێ ئاگاداریی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە تەنگەی هورمز تێپەڕێت، ''سەرجەم ئەو کەشتییانەی دەیانەوێت بە رێڕۆ ئاوییەکەدا بڕۆن، دەبێ سەرەتا هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێمە بکەن و سیستمەکانی رێدۆزییان بەردەوام چالاک بێت''.
سوپای ئێران هەڕەشە دەکات، هەر کەشتییەک لە کاتی تێپەڕین بە تەنگەی هورمزدا پابەندی رێنماییەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران نەبێت، تووشی چاڕەنووسی هاوشێوەی ئەم نەوتهەڵگرە دەبێت و لەنێودەچێت''.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەگشتی لە 24 کاژێری رابردوودا، چوار نەوتهەڵگر لە رۆژهەڵاتی تەنگەی هورمز بەهۆی تەقینەوەی مین، گڕیان گرتووە و لەکار کەوتوون.
دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026ـەوە، تاران مەرجی قورسی بۆ تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەى هورمز داناوە و داوا دەکات، هەموو کەشتییەک پێشوەختە رەزامەندیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ تێپەڕین وەربگرێ، بە پێچەوانەوە دەکرێنە ئامانج یان بەهۆی مینە چیندراوەکانەوە، مەترسیی تەقینەوەیان لەسەرە.
لە بەرامبەریشدا واشنتن گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ پاراستن و یاوەریکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لەو رێڕۆ ئاوییەدا ئەنجام دەدات.



