رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتی دەکاتەوە وڵاتەکەی بەدوای دروستکردنی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجییەوە بێت و دەڵێت: "بانگەشەی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی تاران بەو جۆرە چەکانە، تەنیا پاساوهێنانەوەیە بۆ درێژەپێدان بە جەنگ."
ئیسماعیل بەقایی لە پەیامێکدا لە ئێکس، وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەداتەوە کە پێشتر باسی لەوە کردبوو، هەندێک نیشانە هەن کە تاران بەدوای دروستکردنی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجییەوەیە.
لە پەیامەکەی ئیسماعیل بەقاییدا هاتووە: "بەرپرسانی ئەمریکی دوای داڕشتنی درۆی گەورەی هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران، ئێستا بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە نیشانە هەن ئێران سەرقاڵی پەرەپێدانی چەکی بایۆلۆجی یان کیمیاییە. هەمان بانگەشە ساختەکان لەبارەی بوونی چەکی کۆمەڵکوژ لە عێراق."
بەر لە هێرش بۆ سەر عێراق و رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003ـدا، ئەمریکا رایگەیاند، هەندێک بەڵگە بەردەستن کە بەغدا سەرقاڵی دروستکردن و بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژە. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەوبارەوە گوتی: "ئەوە ئامرازێک بوو بۆ ورووژاندنی رای گشتی، چاندنی ترس و رێخۆشکردن بۆ هێرشی سەربازی بۆ سەر عێراق؛ هێرشێک کە لێکەوتەکانی نەوەک هەر بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە، بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەکە و تەنانەت خودی ئەمریکاش کارەسات بوو."
ئیسماعیل بەقایی ئەوەشی خستەڕوو: "ئێستا جارێکی دیکە لە هەمان خاڵی ساڵی 2003 وەستاوین؛ دووبارەبوونەوەی بانگەشەکان و گێڕانەوە ساختەکان کە هەمان مۆدێلە کۆنەکە دەهێنێتەوە یاد."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بانگەشەی ترەمپ و بەرپرسانی ئەمریکی بۆ پەرەپێدانی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی لەلایەن ئێرانەوە بە "درۆ، پاساوهێنانەوە بۆ درێژەپێدان بە جەنگ و دەستدرێژیکردن" بۆ سەر وڵاتەکەی دەزانێت.
جیا لە قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، زانیارییە نوێیەکانی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا دەریدەخەن کە ئێران سەرقاڵی داڕشتنی کۆمەڵێک پلانە بۆ بەئامانجگرتنی بەرپرسانی باڵای ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، لەڕێگەی تەقاندنەوەی ئەوەی پێی دەگوترێت "بۆمبی پیس" (بۆمبی تیشکدەر) یان بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەناو شاری واشنتنی پایتەختدا.
حەوت بەرپرسی ئەمریکی بە میدیایان راگەیاندووە کە بەپێی هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان، ئەم پلانەی ئێران ئێستا تەنیا وەک بژاردەیەکە لەبەردەستی تاراندا، نەک ئاماژەیەک بۆ هێرشێکی دەستبەجێ؛ بەڵام ئەو زانیارییانەی دەست هەواڵگریی ئەمریکا کەوتوون زۆر وردن و شوێن و ئامانجە دیاریکراوەکانی لەخۆگرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەمنی لە واشنتندا بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر مەترسییەکی لەو شێوەیە.



