رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی، 20ـی تشرینی دووەمی 2026 دەنگی تەقینەوە لە ئاسمانی دوورگەی قیشم لە باشووری ئێران بیسترا و میدیای فەرمیی ئەو وڵاتەش ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئەنجامدانی هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر دوورگەکە تۆمەتبار دەکات.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردەوە، کاژێر 6:50ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بە کاتی نێوخۆیی ئێران، واتە 6:20 خولەکی ئێوارە بە کاتی هەولێر، "دووژمنی ئەمریکی - ئیسرائیلی" بە مووشەک ناوچەیەکی لە نزیک دوورگەی قیشم کردە ئامانج.
پێشتر ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی رایگەیاندبوو کە دانیشتووانی دوورگەی قیشم دەنگی تەقینەوەکەیان بیستووە و سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو کە دەکرێ تەقینەوەکە لە ئەنجامی خستنەخوارەوەی تەنێکی ئاسمانیی "دووژمن" بووبێت.
هاوکات ژمارەیەک لە دانیشتووانی باشووری دوورگەکە باسیان لەوە کرد کە رووناکییەکی ئاگرینیان لە ئاسماندا بینیوە.
دوورگەی قیشم دەکەوێتە نزیک تەنگەی هورمز لە کەنداو، کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی گواستنەوەی نەوت و وزەی جیهان. بەهۆی پێگە جوگرافییەکەیەوە، دوورگەکە ناوەندێکی سەربازی و دەریایی هەستیاری هێزە چەکدارەکانی ئێرانە.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا بەردەوامن و تەنگەی هورمز بووەتە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ململانێ و ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.



