رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسداران دەڵێ، دوو کەشتیی گواستنەوەی نەوت دوای ئەوەی لە تەنگەى هورمز بەر مینی دەریایی کەوتن، گڕیان گرت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2026 هێزی دەریایی سوپای پاسداران بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ دوو کەشتیی گواستنەوەی نەوت کە سیستمی رادار و دیاریکردنی شوێنیان کوژاندبووەوە و بە نهێنی هەوڵیان دەدا بە رێڕۆیەکی رێگەپێنەدراوی تەنگەى هورمزدا تێپەڕن، بەر مینی دەریایی کەوتن و گڕیان گرت."
سوپای پاسداران دەشڵێت: "کەشتییەکان کە نەوتهەڵگری گەورە بوون و زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان هەڵگرتبوو، بەهۆی تەقینەوە و گڕگرتنیانەوە لە ئاوەکانی باشووری کەنداو، نووقم بوون."
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداراندا ناو، خاوەن یان ئاڵای هەڵکراوی وڵاتی کەشتییەکان ئاشکرا نەکراوە.
دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026ـەوە، تاران مەرجی تووندی بۆ تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەى هورمز داناوە و داوا دەکات، هەموو کەشتییەک پێشوەختە رەزامەندیی ناوەندی کۆنترۆڵی دەریایی ئێران وەربگرێ، بە پێچەوانەوە دەکرێ بکرێتە ئامانج.
لە بەرامبەریشدا واشنتن گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ پاراستن و یاوەریکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لەو رێڕەوەدا ئەنجام دەدات.




