رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای ئێران دەڵێ، دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا سەختتر دەبێت و هەربۆیە ناچارن پێدانی کارەبا بە هاوبەشان کەم بکەنەوە .
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ی تشرینی دووەمی 2026، محەممەد ئەلەداد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای ئێران رایگەیاند: "بەهۆی دۆخی نائاساییی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا، وڵاتەکەمان ناچارە لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە سنووردارکردنی کارەبا جێبەجێ بکات".
محەممەد ئەلەداد گوتی: "پلان بۆ سنووردارکردنی کارەبا لە کەرتە جیاوازەکان، بەتایبەتی پشکی ماڵان و بازرگانی بە ناچاری دانراوە."
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای ئێران ئاماژەی بەوەشکرد: "ماوەی بڕینی کارەبا دیاری نەکراوە، بەڵام رەنگە بریتی بێت لە بڕینی کارەبای ماڵان و بازرگانی بۆ دوو کاژێر لە رۆژ نا رۆژێک و ئەگەریش دۆخەکە خراپتر بوو، رۆژانە دوو کاژێر کارەبا دەبڕدرێ."
ئەو بەرپرسە گوتیشی، دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا لە مانگەکانی داهاتوودا بەراورد بە پار سەختتر دەبێت، هەروەها بەهۆی جەنگەوە، وڵاتەکە نزیکەی 230 ملیۆن مەتر سێجا لە توانای بەرهەمهێنانی گازی لەدەست داوە.
بڕی پێویستیی کارەبا لە ئێران زیاتر لە 81 هەزار مێگاواتە، بەڵام توانای بەرهەمهێنان نزیکەی 68 هەزار مێگاواتە.
بۆ ئەوەی بڕی پێویستی کارەبا دابین بکرێ، پێویستە ساڵانە بەرهەمهێنانی کارەبا 7% زیادبکرێ، بەڵام پار تەنیا 1%زیادبووە.
ئێران لە بواری یەدەگی گاز و نەوت لە پلەی دووەم و سێیەمی جیهاندایە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە نەیتوانیوە وەبەرهێنانی پێویست لە کەرتی وزە بکات.




