رووداو دیجیتاڵ
هێزی دەریایی سوپای ئێران پشتڕاستی کردەوە، لە تەنگەی هورمز مین بە کەشتییەکی دیکەی گواستنەوەی نەوتدا تەقیوەتەوە و بە تەواوی سووتاوە. ئاماژەش بەوە دەکات، هەر کەشتییەک سیستمی رێدۆزییەکەی بکوژێنێتەوە، تووشی ئەو چارەنووسە دەبێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 25-11-2026، پەیوەندییە گشتییەکانی هێزی دەریایی سوپای ئێران (ئەرتەش) رایگەیاند، لە کاژێرەکانی رابردوودا، لە رۆژهەڵاتی تەنگەی هورمز، مین بە کەشتییەکی گواستنەوەی نەوتی ''سەرپێچیکار''ـدا تەقییەوە و گڕی گرت.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هێزی دەریایی سوپای ئێران، کەشتییەکە سیستمی رێدۆزی (جی پی ئێس)ـی خۆی کوژاندووەتەوە، بۆ ئەوەی بەبێ ئاگاداریی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە تەنگەی هورمز تێپەڕێت.
هێزی دەریایی سوپای ئێران هۆشداریش دەدات، پێویستە سەرجەم ئەو کەشتییانەی دەیانەوێت بە رێڕۆ ئاوییەکەدا تێپەڕن، لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە هاوئاهەنگی بکەن و سیستمەکانی رێدۆزییان بەردەوام چالاک بێت، ''ئەگەرنا تووشی چاڕەنووسی هاوشێوەی ئەم نەوتهەڵگرە دەبن و لەنێودەچن.''
دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026ـەوە، تاران مەرجی قورسی بۆ تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەى هورمز داناوە و داوا دەکات، هەموو کەشتییەک پێشوەختە رەزامەندیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ تێپەڕین وەربگرێ، بە پێچەوانەوە دەکرێنە ئامانج یان بەهۆی مینە چیندراوەکانەوە، مەترسیی تەقینەوەیان لەسەرە.
لە بەرامبەریشدا واشنتن گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ پاراستن و یاوەریکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لەو رێڕۆ ئاوییەدا ئەنجام دەدات.



